دیپلۆماسیی ئەورووپا و ئێران لە دانوستانێکی ناڕووندا

بڕیارە سبەی سێشەممە، دوای نزیکەی مانگێک ڕاوەستان، دانوستانەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتە زلهێزەکە، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا، جارێکی دیکە لە ڤییەننا دەست پێ بکاتەوە.
دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی هەم میهەن، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دەستپێکردنەوی دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ بەریتانیا دوو زلهێزەکەی ئەورووپا هەر یەک لە فەرەنسا و ئەڵمانیا بڵاو کردووەتەوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی داوە "دوای مانگێک لە ڕاوەستانی دانوستانەکان، بڕیارە سبەینێ سێشەممە، گەڕێکی دیکەی دانوستان لە ڤییەننا دەست پێ بکاتەوە و گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی 6 بڕیارنامەی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بکەن. ئامانج لەم کارە، پێدانی کاتی زیاترە بە دانوستانەکان تا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بگەنە ئەنجام."
پێشنیازی ئەورووپییەکان و بەریتانیا، هەڵوێستی ناڕوونی تاران
ئێران، هەڵوێستێکی ناڕوونی لە بەرانبەر ئەم پێشنیازەدا ڕاگەیاندووە. بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە، بە تەلەفۆن پەیوەندیی لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانی و نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، کردووە، بەڵام وەڵامێکی ڕوونی بە پێشنیازەکەی ئەورووپییەکان بۆ درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 نەداوەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، عراقچی لە کاردانەوەی بەرانبەر دووبارەکردنەوەی بیرۆکەی لایەنە ئەورووپییەکان بۆ درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 بە مەبەستی ڕەخساندنی کاتی زیاتر بۆ دیپلۆماسی، ڕایگەیاندووە "ئەمە بڕیارێکە کە لە بنەڕەتدا دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بیدات و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا هەڵوێست و دیدگای بنەڕەتیی خۆی لەم بارەیەوە هەیە، بەڵام ناچێتە ناو ئەم پرۆسەیەوە."
بەڵام عەلی لاریجانی، سکرتێری نوێی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، هەڵوێستێکی ڕوونتری گرتووەتە بەر و ڕایگەیاندووە، ئێران درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 قبووڵ ناکات. لاریجانی گوتوویەتی "هەندێک وڵات ئەو پێشنیازەیان کردووە، بەڵام ئێران باوەڕی پێی نییە؛ واتە پێیوایە ئەمەش دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنەکانی پێشووە و هیچی تازەی تێدا نییە! ئێمە ڕێککەوتنێکمان هەبوو کە دەبوو لە ماوەی 10 ساڵدا کۆتایی پێ بێت؛ چیتر ناکرێت دووبارە ماوەکەی درێژ بکەنەوە. ئێران بەڕاستی ئەمە قبووڵ ناکات. هەرچەندە هەندێک کەسیش لە ناوخۆدا گوتوویانە: باشە، با ئەم شەش مانگە قبووڵ بکەین؛ بەڵام بە گشتی، ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین."
مۆڵەتی کۆتایی و میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان
ئێران، لە کاتێکدا دەچێتە ناو دانوستانەکانەوە کە کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی ئەورووپییەکان داویانە بۆ کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان. ئەورووپییەکان جەختیان کردووەتەوە "ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئاب پێشکەوتنێکی بەرچاو لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا بەدی نەکرێت، میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان کارا دەکەنەوە." لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئەو پێشنیازە لە ئارادایە کە بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، کاراکردنی میکانیزمەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دوا بخرێت تا دەرفەتی زیاتر بە دانوستانەکان بدرێت.
ئێران چی لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنێت؟
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە مەبەستی ئەورووپییەکان لە 'پێشکەوتنی بەرچاو' چییە؟ و ئایا ئێران ئامادەیە داواکارییەکانی لایەنە ڕۆژئاواییەکان جێبەجێ بکات؟ وا دەردەکەوێت کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە ڕوونی ئاشکرا بووە کە ئەمەریکا بە هاوکاریی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی داوای ڕاگرتنی تەواوەتیی چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران دەکات. بەڵام ئێران جەختی کردووەتەوە "پیتاندنی یۆرانیۆم وەک پرسێکی کەرامەتی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەبینێت و هەرگیز دەستبەرداری نابێت."
لەگەڵ ئەوەشدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەم دامەزراوانە، بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی، زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە و ئێران ئێستا هیچ چالاکییەکی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم نییە.
پێشنیازێک خراوەتە ڕوو کە ئێران دۆخە سەپێنراوەکە بقۆزێتەوە و ڕایبگەیەنێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پیتاندنی یۆرانیۆم لە خاکی ئێراندا هەڵدەپەسێرێت. بەڵام دیار نییە ئەمە تا چەند جێی قبووڵی ڕۆژئاوایە کە داوای ڕاگرتنی تەواوەتی و هەمیشەیی پیتاندن لە ئێران دەکات. لەلایەکی دیکەوە، ناکۆکیی ناوخۆیی توند لەسەر هەر جۆرە سازشێک لە بواری پیتاندندا هەیە. وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ئێران هەرگیز ئامادە نییە ڕاگرتنی پیتاندن قبووڵ بکات، چونکە ئەم پرسە بە شکۆی نەتەوەیییەوە دەبەستێتەوە.
کاردانەوەی توندی ناوخۆیی
لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بەیاننامەی کۆمەڵێک لە ڕیفۆرمخوازان کە تێیدا پێشنیازی دانوستانێکی گشتگیر و هەڵپەساردنی پیتاندنیان کردبوو؛ ئەحمەد خاتەمی، وتارخوێنی هەینیی تاران، بە توندی کاردانەوەی نیشان دا و گوتی: کەس مافی شکاندنی هێڵە سوورەکانی نییە. خاتەمی گوتیشی: ئەوان، لە بەیاننامەکەدا گوتوویانە پیتاندن بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هەڵپەسێردرێت، لە کاتێکدا وزەی ئەتۆمی، وزەی داهاتووی جیهانە. وزەی ئەتۆمی مافێکی ڕەوای ئێمەیە. دەڵێن لەگەڵ ئەمەریکا دانوستانی ڕاستەوخۆ بکەین. ئەو ئەمەریکایەی کە حاجی قاسمی شەهید کرد و هێرشی کردە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانمان. ئەم گەلە لە بەرانبەر ئەمەریکادا تەسلیم نابێت. ڕێبەر فەرمووی دانوستان نە ژیرانەیە و نە شەرەفمەندانە. گەلی ئێران ناچێتە ژێر باری ئەو پیشنیازە ئەوانەوە."
ئەم هەڵوێستە، تەمومژییەکانی دەوری دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوایان زیاتر کردووە. دیار نییە ئێران و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بڕیارە لەسەر چی گفتوگۆ بکەن و ئایا تاران لە بەرانبەر وەرگرتنی ئەو ئیمتیازانەی هەمیشە جەختی لێ کردوونەتەوە، واتە لابردنی تەواوەتیی سزاکان، چ ئیمتیازێک دەداتە لایەنی ڕۆژئاوایی؟
زۆرێک لە شارەزایان پێیانوایە سەرەڕای جەنگی 12 ڕۆژە و هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر خاکی ئێران، هێشتا دەرفەتی دانوستان و مامەڵەیەک کە ڕەزامەندیی ئێران و لایەنە ڕۆژئاوایییەکان بەدەست بهێنێت لە ئارادایە، بەڵام ئەم مامەڵەیە پێویستی بە خواستی بەهێزی هەردوولا هەیە تا ئیمتیازی بەرچاو و گونجاو پێشکەش بە یەکتر بکەن.