عێراق گازی شل بەچین دەفرۆشێت و کارەباش لە تورکیا دەکڕێت

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، گەورەترین کەشتی بارهەڵگری گاز لەمێژوی ئەو وڵاتەدا، لە بەندەری بەسرە لەنگەری گرت، کە بڕیارە گازی شل هەناردەی چین بکرێت.
وەزارەتی نەوت ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، کەشتی بارهەڵگری 'گاز کیم' کە درێژییەکەی 188 مەترە و توانای هەڵگرتنی 20 هەزار تۆن گازی شلی نیمچە سارد هەیە، لە سەکۆی دووەمی بەندەری هەناردەی گازی شلی سەر بە کۆمپانیای گازی بەسرە لەنگەری گرت، کە بڕیارە هەناردەی چین بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەکۆی دووەم بەتەواوی نۆژەنکراوەتەوە و لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو کەوتووەتەکار، هەروەها ڕووی دەریاییەکەی قووڵترە بۆ ئەوەی بارهەڵگرە زەبەلاحەکانی نەوت تێیدا لەنگەر بگرێت، ئەم هەنگاوەش ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی تواناکانی کۆمپانیا هەناردەکارەکەیە.
عێراق لەڕێگەی کەشتیی 315 مێگاوات کارەبای لە کۆمپانیایەکی تورکی کڕی

کەشتییەکی تورکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەکۆی ژمارە 9 لە بەندەری ئوم قەسر لەنگەری گرت، ئەمەش بەشێکە لە گرێبەستی نێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای تورکی (کار پاوەر شیپ) کە وێستگەی کارەبای گەڕۆکە بۆ دابینکردنی 315 مێگاوات بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی عێراق.
ئەندازیار فەرحان فەرتوسی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە گوتی: ئەم هەنگاوە بە گرنگ دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی تۆڕی نیشتمانی بە وزەی کارەبا. جەختیشی کردەوە، ئەم دەستکەوتە کارێکی بەپەلەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا.
پێشتر کۆمپانیای کارپاوەرشیپ، ڕایگەیاندبوو، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق واژۆکردووە بۆ دابینکردنی 590 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق. هەروەها بڕیاریشە دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبای سەر ئاو لە بەندەرەکانی خور زوبەیر و ئوم قەسر لە بەسرە جێگیرببن.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، گرێبەستی سەرەتایی، کە لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای گشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا واژۆ کراوە، بۆ ماوەی 71 ڕۆژ درێژدەبێتەوە.
