داهاتووی ئاسایشی باشووری لوبنان لە بەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدا
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە و چارەنووسی هێزەکانی 'یونیفل' لە باشووی لوبنان دیاری دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفل) بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل و ئەمەریکا ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەردەوامبوونی ئەرکی ئەو هێزە دەربڕیوە.
پڕۆژە بڕیارەکە کە لەلایەن فەرەنساوە پێشکەشکراوە و وەک چارەسەرێکی ناوەند سەیر دەکرێت، ماوەی کارکردنی هێزی یونیفل بۆ ساڵێکی دیکە تا 31ی ئابی 2026 درێژ دەکاتەوە. ئەم هێزە لە ساڵی 1978ـەەوە لە باشووری لوبنان و لەسەر سنووری ئیسرائیل جێگیر کراوە.
بە گوێرەی ئاژانسی 'فرانس پرێس'، بڕیارەکە ئاماژە بە "نیازی کارکردن بۆ کشانەوەی یونیفل" دەکات، بە ئامانجی ئەوەی لە داهاتوودا حکوومەتی لوبنان تاکە لایەن بێت کە بەرپرسیارێتی ئاسایشی باشووری لوبنانی لە ئەستۆ بێت.
ناکۆکییەکان لەسەر ئەرکی یونیفل
ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژایەتیی خۆیان بۆ درێژکردنەوەی ئاسایی ئەرکی یونیفل ڕاگەیاندووە و داوای هەڵسەنگاندنەوەی پێویستیی مانەوەی ئەو هێزە دەکەن. هەردوو وڵات پێیان وایە یونیفل لە ئەرکی سەرەکیی خۆیدا سەرکەوتوو نەبووە، کە بریتییە لە ڕێگریکردن لە زیادبوونی هەژمووی سەربازیی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان و سەپاندنی سەروەریی حکوومەتی لوبنان لە ناوچەکە. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن کە حزبوڵڵا لە نزیک بنکەکانی یونیفلەوە موشەکی هاویشتووە و ئەمەی بە قۆستنەوەی بوونی ئەو هێزە وەسف کردووە.
لە بەرامبەردا، فەرەنسا و هاوبەریتانییە ئەوروپییەکانی پێداگری لەسەر مانەوەی یونیفل دەکەن و بە پێویستی دەزانن بۆ پاراستنی سەقامگیری لەسەر سنووری ئیسرائیل. ئەوان هۆشداری دەدەن لەوەی کشانەوەی پەلەی یونیفل دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی مەترسیدار.
پڕۆژە بڕیارەکە چی لەخۆ دەگرێت؟
بە گوێرەی ئاژانسی 'فرانس پرێس' پڕۆژەبڕیارەکە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:
- درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن: ماوەی کارکردنی یونیفل تا 31ی ئابی 2026 درێژ دەکرێتەوە.
- بانگەواز بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 1701: داوای جێبەجێکردنی تەواوی بڕیاری 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات کە لە ساڵی 2006دا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا دەرچوو.
- کشانەوەی ئیسرائیل: داوا لە حکوومەتی ئیسرائیل دەکات هێزەکانی لەو پێنج ناوچەیە بکشێنێتەوە کە هێشتا لەناو خاکی لوبناندا ماونەتەوە.
- سەرکۆنەکردنی هێرشەکان: پڕۆژەکە "سەرکۆنەی ئەو ڕووداوانە دەکات کە دامەزراوە و کارمەندانی یونیفیلیان کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی ئاشتیپارێز." ئەمەش ئاماژەیە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی یونیفل، هەرچەندە ناوی ئیسرائیل بە ڕاستەوخۆ نەهاتووە.
ڕۆڵی یونیفل و داهاتووی ناوچەکە
بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی کشانەوەی خێرای یونیفل و ڕایگەیاندووە کە ئەمە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە کە یونیفل ئاسانکاریی بۆ جێگیرکردنی 8,300 سەربازی لوبنانی لە 120 شوێن کردووە و پشتیوانیی لۆجستی و دارایی پێشکەش کردوون.
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ستیفان دوجاریک، پشتیوانیی یونیفل بۆ سوپای لوبنانی بە "زۆر گرنگ" وەسف کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە "بوونی یونیفل بەدرێژایی هێڵی شین، نموونەیەکی سەقامگیرییە."
چارەنووسی ئەم پڕۆژە بڕیارە بەندە بە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کە مافی ڤیتۆی هەیە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا. تا ئێستا واشنتن بە فەرمی هەڵوێستی خۆی ئاشکرا نەکردووە و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هیچ لێدوانێک لەسەر گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی ئاسایش نادەن.
ئاگربەستی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی
دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حزبوڵڵا بەرەیەکی نوێی لە باشووری لوبنانەوە کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی حەماس. ئەمەش بووە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و گەیشتە لوتکە لە ئەیلوولی 2024، کاتێک ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "تیری باکوور" دەستپێکرد و دواتریش هێرشی زەمینی بۆ سەر باشووری لوبنان ئەنجامدا.
لە 27ی تشرینی دووەمی 2024، بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا واژۆ کرا.