ناوەرۆکی بڕیارەکەی ترەمپ لەبارەی ئاڵای ئەمەریکا .. 'سزای توندی تێدایە'

سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی واژۆکردنی بڕیارەکەی تایبەت بە ئاڵای وڵاتەکەی (وێنە: AFP)
سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی واژۆکردنی بڕیارەکەی تایبەت بە ئاڵای وڵاتەکەی (وێنە: AFP)

ترەمپ، بڕیارێکی بۆ لێپێچینەوەی تووند بەرانبەر سووتاندن و شێواندنی ئاڵای ئەمەریکا واژۆ کرد.

ڕۆژی دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە تێیدا داوا لە داواکاری گشتی دەکات بە تووندی ڕووبەڕووی ئەو کەسانە ببێتەوە کە بێڕێزی بەرانبەر ئاڵای ئەمەریکا دەکەن.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، پێویستە داواکاری گشتی بە تووندی لێپێچینەوە لەو کەسانە بکات کە بە شێوازێکی ناشایستە ڕەفتار لەگەڵ ئاڵای ئەمەریکا دەکەن. سزاکان دەتوانن زیندانیکردن، دیپۆرتکردنەوە، هەڵوەشاندنەوەی مافی نیشتەجێبوون و ڕاگرتنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی ڕەگەزنامە لەخۆبگرن، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بیانیین. 

ترەمپ ئاماژەی بەوەش داوە، سزای سووتاندنی ئاڵای ئەمەریکا دەکرێت بۆ ماوەی ساڵێک زیندانیکردن بێت.

هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە کە ئاڵای ئەمەریکا "هێمایەکی پیرۆز و بەنرخی نەتەوەییە" و پێویستە هەموو ئەمەریکییەکان لەژێر سێبەری خۆیدا یەکبگرن.  بڕیارەکە سووتاندن و پیسکردنی ئاڵا بە "کردەوەیەکی پڕ لە ڕق و کینە بەرامبەر نەتەوەکەمان" وەسف دەکات.

ترەمپ لە مێژە دژایەتیی خۆی بۆ سووتاندنی ئاڵا دەربڕیوە. لە ساڵی 2016 لە تویتێکدا نووسیبووی، "پێویستە هیچ کەسێک ڕێگەی پێنەدرێت ئاڵای ئەمریکا بسووتێنێت، ئەگەر بیکەن، دەبێت باجەکەی بدەن."