دووەم پارێزەری ئیمامئۆغڵو دەستگیر کرا

نوسرەت یڵماز (ڕاست) و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو (چەپ)
نوسرەت یڵماز (ڕاست) و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو (چەپ)

دووەم پارێزەری ئیمامئۆغڵو کە یەکێکە لە هاوڕێیە نزیکەکانی، دەستگیر کرا.

نوسرەت یڵماز، کە پارێزەر و هاوڕێی منداڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دەستگیرکراوی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر گەندەڵی، لە زێدی خۆی لە شاری 'ترابزۆن' دەستگیر کرا. 

میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە، یڵماز لەژێر چاودێریی پۆلیسدا ڕەوانەی ئیستانبوڵ دەکرێت.

دەستگیرکردنی یڵماز، نوێترین پێشهاتە لە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی گەورەدا کە لە دژی شارەوانیی گەورەی ئیستانبوڵ بە تۆمەتی گەندەڵی بەڕێوەدەچێت. ئەم لێکۆڵینەوانە ماوەیەکە دەستیپێکردووە و چەندان بەرپرس و کەسی نزیک لە ئیمامئۆغڵوی گرتووەتەوە.

پێشتر و لە مانگی حوزەیرانی 2025، پارێزەرێکی دیکەی ئیمامئۆغڵو بە ناوی محەممەد پێهلیوان، لە چوارچێوەی هەمان دۆسیەدا و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تاوانکاریی" دەستگیر کرا.

بەرەبەیانیی یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا کە بە تۆمەتی گەندەڵی لە دژی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ دەستیپێکردووە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەرەشارەوانیی ئیستانبوڵ و 99 کەسی دیکە، بە بڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.