بەراورد بە ساڵی ڕابردوو مردنی کرێکاران کەمیکردووە

سەرۆکی سەندیکای کرێکاران ڕایگەیاند، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی مردنی کرێکاران کەمیکردووە و بڕیاری دامەزراندنی کرێکاری کورد لە پڕۆژەکان بەتەواوەتی جێبەجێ کراوە.
ڕۆژی سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، هەنگاو عەبدوڵڵا خان، سەرۆکی یەکێتی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێژەی گیانلەدەستدانی کرێکارانی ناوخۆی و بیانی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمیکردووە، گوتیشی: لە ساڵی 2024، تەنیا 62 کرێکاری ناوخۆیی و بیانی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە حەوت مانگی 2025دا، 32 کرێکار گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی هۆشیاری کرێکار و خەمخۆری خاوەنکاران.
هەنگاو عەبدوڵڵا خان ئاماژەی بەوەش دا، بڕیاری کارکردنی کرێکاریی کورد لە پڕۆژەکان بە ڕێژەی %75 کارێکی گرنگ بوو، لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکە دەست بەجێ جێبەجێکراوە.
باسبی لەوەش کرد، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگاداری کردووینەتەوە کە دەبێت لە نێو پرۆژەکان مەرجی خۆپارێزی بۆ کرێکار دابین بکرێت، وەک بوونی کەلووپەلی پێویست و بیمەی تەندرووستی بۆ کرێکارانی ناوخۆیی و بیانیی، کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
ڕوونیشی کردەوە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ یاسای ژمارە 71ـی ساڵی 1987 کە تێیدا هاتووە، دەبێت خاوەنکار مەرجی سەلامەتی و تەندروستی و خانەنیشینی بۆ کرێکاران دابین بکات. هەروەها لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 200 هەزار کرێکاری ناوخۆی و بیانی دەستەبەرکراون، دوای گیانلەدەستدانیشیان خانەودەکانیان لە خانەنیشین بوونیان سوودمەند دەبن.
ڕاشیگەیاند، دەبێت کرێکاران ئاگادار بن و لەکاتی دەستبەکاربوونیان گەرەنتی خانەنیشینیان بۆ بکرێت، گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان چەندین جار نووسراومان کردووە کە یاساکە جێبەجێ بکرێت و خاوەنکار بەرپرسیارێتی کرێکارەکەی لە ئەستۆ بگرێت.
بەپێی ماددەی ژمارە 39 ساڵی 2012، لە هەرێمی کوردستان دەبێت هەموو کرێکارێک لە دوای نەمانی خانەوادەکەی لە مووچەی خانەنشین بوونەکەی سوودمەند دەبن، ئەرکە لەسەر خاوەنکار کرێکارەکە لە بوونی ئەو یاسایە ئاگادار بکاتەوە ئەگەر نا ڕێکاری یاسای بەرامبەر دەگیرێتە بەر.