ئاسایشی هەولێر بکوژی کرێکارەکەی عەلوەی هەولێری دەستگیرکرد

ئاسایشی هەولێر بکوژی کرێکارەکەی عەلوەی هەولێری دەستگیرکرد و رایگەیاند: پێنج ساڵ پێش ئێستا کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە بازاڕی عەلوەی شاری هەولێر هاووڵاتیەکی بە نەتەوە عەرەب بەناوی (سعب عاید سمر) پیشەی کرێکارە کوژرا.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، دەست بەجێ لە لایەن تیمەکانمان بە دواداچوون بۆ ڕووداوەکە کرا و دەرکەوت تۆمەتبارەکان لە چوار کەس پێکهاتوون، دوای ئەنجامدانی تاوانەکەیان بەرەو دەرەوەی شاری هەولێر هەڵاتون، هەربۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکانی هەولێر، دوای وەر گرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ، تۆمەتبارەکانمان دەستگیر کرد، بەناوەکانی(ز ، خ ، س) و(س ، د ، س) و (ح ، خ ، س) و (م ، ع ، د)،کە لە نەتەوەی عەرەب و نیشتەجێی شارەدێی ڕەبیعەی سەر بە پارێزگای موسڵن.
هەروەها بەهۆی هەبونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی بۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە،لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکەیان بەنیازبون بگەڕێنەوە ناوچەکەی خۆیان،لەکاتی دەستگیر کردنیاندا دەستمان گرت بەسەر ئەو چەک و ئۆتۆمبیلەی تاوانەکەیان پێ ئەنجامداوە.