شاخەوان عەبدوڵڵا: هەموارکردنەوەی یاسای زیندانی سیاسی دەنگی لەسەر درا
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەموارکردنەوەی یاسای زیندانییانی سیاسی دەنگی لەسەر درا و بۆ یەکەم جارە قوربانییانی هەرێمی کوردستان لەم پرۆژەیاسایە سوودمەند دەبن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگەکان لە بەرانبەر هەموارکردنەوەی یاسای زیندانییانی سیاسی، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئابی 2025، لە پەرلەمانی عێراق یاساکە هەموار کرایەوە و دەنگی لەسەر درا.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: بۆ یەکەم جارە، جیا لەوەی کە زیندانییانی سیاسی ناوچەکانی دیکەی عێراق لەم پرۆژەیاسایە سوودمەند دەبن، کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەڵەبجە و هەموو ئەوانەی کە بوونەتە قوربانی لە هەرێمی کوردستان، ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە و هەموو دەستکەوتی تایبەت بە زەوی و دەستکەوتی دیکە کە بە زیندانیانی سیاسیی عێراق دراوە وەردەگرن کە لەم پرۆژەیاسایەدا هەیە.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممە، شەش بڕگە لەخۆدەگرێت، کە گرنگترینیان دەنگدانە لەسەر هەمواری دووەمی یاسای دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەکان ژمارە 4ی ساڵی 2006.
بەپێی ڕەشنووسی هەمواری دووەمی یاسای زیندانیانی سیاسی عێراق، سەرجەم ڕزگاربوونی کیمیابارانی هەڵەبجە، کە لە ئەنجامی هەڕەشەکانی ڕژێمی عێراق ناچاربوون بچنە ئێران، هەموو ئەو ماف و دەستکەوتانە پێدەدرێت کە بە زیندانیانی سیاسی عێراق دراوە.