سوپای ئیسرائیل: مووشەکێکی حووسییەکانمان تێکشکاند
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، مووشەکێکی کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدرابوو، ڕێگری لێکرا و تێکشکێنرا.
هەڵدانی ئەم مووشە دوای بۆمبارانکردنی سەنعای پایتەختی یەمەن لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دێت.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "دوای ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕێگری لە مووشەکێک کرد کە لە یەمەنەوە ئاراستەی کرابوو."
هەروەها زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان لە قودس لێدرا.
لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023وە شەڕی غەززە دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای هێرشێکی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، یاخیبووانی حووسییەکان چەندان جار مووشەکی بالیستی و درۆن بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە و زۆربەیان ڕێگرییان لێکراوە.
هەروەها حووسییەکان لە دەریای سوور هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییە بازرگانیانەی کە تۆمەتباریان دەکەن بە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن هێرشەکانیان بەشێکە لە پشتیوانییەکانیان بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە.
لای خۆیەوە ئیسرائیل چەندان جار وەڵامی ئەم هێرشانە دەداتەوە و هێرشی کردووەتە سەر شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان و ژێرخانی ئابووری یەمەن.
ڕۆژی یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شوێنە "سەربازییەکانی" حووسییەکانی لە شاری سەنعا کردووەتە ئامانج، هەروەها هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی، وێستگەکانی کارەبا و شوێنی هەڵگرتنی سووتەمەنی، "لە وەڵامی ئەو هێرشە دووبارەبووانەی حووسییەکان دژی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی مەدەنی دەستیپێکردووە."
بە وتەی حوسییەکان، ئەم هەڵمەتانە 10 کەسی کوشتووە.