ترەمپ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دەکات
لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز بە سەرۆکایەتیی ترەمپ لەبارەی دۆخی غەززە بەڕێوە دەچێت.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی 'فۆکس نیوز'ـی ئەمەریکی؛ باسی لە شەڕی غەززە، دۆخی ئێران و ململانێی ڕوسیا و ئۆکرانیا کرد و ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی درێژخایەن لەبارەی ئەو پرسانە بەڕێوەدەچن.
ویتکۆف ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە کۆشکی سپی لەبارەی غەززەوە ئەنجام دەدرێت. نێردە ئەمەریکییەکە جەختی لە بوونی "پلانێکی گشتگیر" کردەوە کە بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی غەززە ئامادە کراوە و ئاماژەی بەوەدا "ئەم پلانە ڕەنگدانەوەی هاندانە مرۆییەکانی سەرۆک ترەمپ دەبێت."
هەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی بارمتەکان و دانوستانەکانی غەززە
ویتکۆف دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی خوازیارە سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس بگەڕێندرێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کام لایەن زیاتر ڕێگرە لە کۆتاییهێنانی جەنگی غەززە، ویتکۆف 'حەماس'ـی بە بەرپرسیار زانی و ڕوونی کردەوە "ڕەشنووسێکی ئاگربەست لە ماوەی شەش حەوت هەفتەی ڕابردوودا لەسەر مێز بوو، بەڵام حەماس قبووڵی نەکرد و نەگەیشتینە ڕێککەوتن."
بە گوتەی نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا "حەماس دوای فشارێکی زۆری ئیسرائیل ئێستا ڕەزامەندی لەسەر ڕەشنووسی ئاگربەستەکە دەربڕیوە، و حەماس تێدەگات کە ناتوانێت هیچ ڕۆڵێک لە حووکمڕانی داهاتووی غەززەدا هەبێت، ئەمەش مەرجی ئیسرائیل و سەرۆک ترەمپیشە."
سەبارەت بە پێویستی لەناوبردنی حەماس، ویتکۆف ڕایگەیاند "ئەوە بڕیاری من نییە و پێموایە دەبێت ڕێککەوتنێک بکرێت." گوتیشی "حەماس ئاماژەی بەوە داوە کراوەیە بۆ چارەسەرکردن و دەبێت بارمتەکان ئازاد بکرێن و ژمارەیەکی هاوشێوەی زیندانییە فەڵەستینییەکانیش ئازاد دەکرێن."
سەبارەت بە کوژرانی ڕۆژنامەنووسان لە غەززە، ویتکۆف کوژرانی هەر هاووڵاتییەکی سڤیلی بە 'کارەسات' ناوبرد.
کۆبوونەوەی دیپلۆماسی و ئەگەری ئاگربەست
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، لە واشنتۆن لەگەڵ گیدۆن ساعار، هاوتا ئیسرائیلییەکەی، کۆدەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، تۆڕی هەواڵی 'سی ئێن ئێن' لە ییحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن گواستوویەتییەوە، کە تەلئەبیب تاوتوێی ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ وەستاندنی ئاگربەست لە غەززە دەکات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هیچ بارمتەیەک بەبێ فشاری سەربازی لەگەڵ دانوستانەکان ئازاد ناکرێت.