دەستەی وەبەرهێنان: 45%ـی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەم کابینەیەدا مۆڵەتیان وەرگرتووە
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت، 45%ـی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، لە کابینەی نۆیەم مۆڵەتیان وەرگرتووە. دەشڵێت "ئەو ئاسانکارییەی لەم کابینەیەدا بۆ وەبەرهێنەران کراوە، لە هیچ کابینەیەکی پێشووتردا نەکراوە."
چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بەهۆی چاودێری و بەدواداچوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ تەواوی پڕۆژەکان، پڕۆسەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم گۆڕانکاری گەورەی بە خۆیەوە بینیوە."
محەممەد شوکری گوتی "لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکوو 2025، مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 1540 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان دراوە، کە 700ـیان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بوون کە دەکاتە نزیکەی 45.5ـ%ـی کۆی پڕۆژەکان." دووپاتیشی کردەوە "حکوومەت لەم کابینەیەدا زۆرترین ئاسانکاری کردووە، کە پێشووتر نەبوون وەک وەرنەگرتنی ڕسوومات؛ "ئەم ئاسانکارییانە هۆکارن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت."
محەممەد شوکری، پێیوایە "ڕۆڵی وەبەرهێنەرەکانی کوردستان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بووژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان هەیە، بەتایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و بیناسازی. هەروەها بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەیەکی باش زیادیکردووە، کە دەتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە و هەناردەی دەرەوە بکرێت."
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، بواری کشتوکاڵ کە خۆراک و بەبازارکردنی گەنمی جووتیاران دەگرێتەوە، هاوکات بواری پیشەسازی و بیناسازیش کاری لە پێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. گوتیشی "ئێستا شیش، چیمەنتۆ و هەموو ئەو بەرهەمە سەرەتاییانەی کە لە بواری بیناسازی سوودی لێ وەردەگیرێت لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن."
دکتۆر محەممەد شوکری بوونی وەبەرهێنەری بیانی بە گرنگ دەزانێت و ڕاشیگەیاند، هەماهەنگییەکان لە دەرەوەی کوردستان و بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکانی تایبەت بە ئابووری، "هۆکار بوونە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران لە دەرەوەی کوردستان بێن و بە ملیۆنان دۆلار وەبەرهێنان بکەن."