بڕیارە لەسەر تەرخانکردنی پارەی تەواوکردنی دووسایدی دەربەندی ڕانیە - ژاراوە درا

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی گوژمەی دروستکردنی دووسایدی دەربەندی ڕانیە-ژاراوە دەرکرد، کە یەکێکە لە پرۆژە زۆر گرنگەکانی ڕێگاوبان لە ئیدارەی ڕاپەرین.

چوارشەممە 27ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕی 32 ملیار و 373 ملیۆن و 493 هەزار دینار بە مەبەستی جێبەجێ کردنی پرۆژەی دروستکردنی دووسایدی دەربەندی ڕانیە-ژاراوە خەرجکرا.

باسی لەوەش کردووە، ئەمەش لە پێناوە بەرژەوەندی گشتی و کەمکردنەوەی ڕووداوی هاتووچۆ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین بووە. 

هاوکات ئومێد حەمە عەلی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاپەرین بەکوردستان24 گوت: ڕێگاکە یەکێکە لە پرۆژە زۆر گرنگەکانی ڕێگاوبان لە ئیدارەی ڕاپەرین، پێشتر لە پلانی 2025 دامانناوە تا ڕەزامەندی لەسەر بدرێت چونکە گرنگە، بە تەواوبوونی وا دەکات هەردوو سەنتەری قەزای ڕانیە و قەزای پشدەر بە ڕێگایەکی دووساید و بە کوالێتی پێکەوە ببەسترێنەوە.

هەروەها درێژی دووسایدی دەربەندی ڕانیە-ژاراوە 14 کیلۆمەترە و هەشت پردی تێیدا دەبێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment