ئێران بە سڕینەوەی بەڵگەی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکرێت

گرووپێکی لێکۆڵینەوە ڕایگەیاند، ئێران دەستی کردووە بە ئۆپەراسیۆنێکی خێرا بۆ پاککردنەوە لە پێگەیەکی ئەتۆمی لە باکووری تاران کە پێشتر کرابووە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. گومان دەکرێت ئەم هەنگاوە بە ئامانجی سڕینەوەی بەڵگەی هەر کارێکی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێت.
ئینستیتیوتی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی (ISIS) ڕایگەیاندووە، وێنە سەتەلایتەکان "هەوڵی بەرچاوی ئێران نیشان دەدەن بۆ لابردنی خێرای بینا زیانلێکەوتووەکان و ێرانبووەکان، پێدەچێت ئامانجی سڕینەوەی هەر بەڵگەیەکی تاوانبارکەر بێت کە پەیوەندی بە چالاکییەکانی لێکۆڵینەوە یان پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیەوە هەبێت". ئەم پەیمانگایە گرووپێکی توێژینەوەی سەربەخۆیە و لەلایەن دەیڤید ئۆلبرایت، پشکنەری پێشووی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
تاران بەردەوام ڕەتیدەکاتەوە، بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بێت و جەخت دەکاتەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە تاران خەریکی دانوستاندنە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان، کە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە 13-24ـی حوزەیران و هێرشەکانی 22ـی حوزەیرانی ئەمەریکا بۆ سەر سێ دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکەی ئێران، ڕاگیرابوون.
لە لایەکی ترەوە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پێدەچێت لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتووەوە پرۆسەیەک دەستپێبکەن بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا. ئەمە بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 دێت، کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.
ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی IAEA، ڕۆژی چوارشەممە لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئێران لە ڕووی یاساییەوە پابەندە بە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان و پێویستە پشکنینەکان "بە زووترین کات" دەستپێبکەن. گرۆسی ئاماژەی بەوەشکرد، ئاژانسەکە دەیەوێت سەردانی "هەموو شوێنە پەیوەندیدارەکان" بکات، لەنێویاندا دامەزراوە سەرەکییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، کە لەلایەن ئەمەریکاوە کراونەتە ئامانج. هەروەها دەیانەوێت ئاگاداری دوایین پێشهاتەکان بن سەبارەت بە کۆکردنەوەی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە، تا پاکییەکی نزیک لە پلەی چەک پیتێنراوە.
لای خۆیەوە کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریدا کە چالاککردنی "میکانیزمی سناپباک" لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە، کە لە ڕێککەوتننامەی 2015دا هاتووە، کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) دەبێت. ناوبراو ڕایگەیاند: "ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، ئەوا ئەو پرۆسەی کارلێککارییەی کە تازە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەستمان پێکردووە، بە تەواوی کاریگەری لەسەر دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەوەستێت." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە ئێران و ترۆیکای ئەورووپی (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) لە جنێڤ دانوستانیان ئەنجامداوە، بە ئامانجی ئەوەی تاران ئەورووپییەکان قایل بکات "میکانیزمی سناپباک" چالاک نەکەن و سزاکانی نێودەوڵەتی بسەپێننەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە لە بوشێهر، وێستگەی سەرەکیی وزەی ئەتۆمی ئێران، دەستیان بە کارەکانیان کرد. ئەمەش بە وتەی ڕافائیل گرۆسی. گرۆسی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن ڕایگەیاند: "ئێستا لەوێدان. ئەمڕۆ پشکنینی بوشێهر دەکەن." ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو، پشکنەرانی IAEA سەرپەرشتی گۆڕینی سووتەمەنی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشێهر لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران دەکەن، کە دوای بۆردومانکردن لە کاتی شەڕی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا دەستیپێکردبوو.
حکوومەتی ئێران ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئایا پشکنەرەکان ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە ناو شوێنەکانی دیکە، لەوانە فۆردۆ و نەتەنز، کە لە کاتی شەڕدا بۆمباران کرابوون. گرۆسی پشتڕاستی گفتوگۆکانی سەبارەت بە پشکنینی شوێنەکانی دیکە کردەوە، بەڵام جەختی کردەوە هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.
گرۆسی گوتی: "ئێمە بەردەوامین لە دانوستانەکان بۆ ئەوەی بتوانین بچینە هەموو شوێنەکان، بە دامەزراوە زیانلێکەوتووەکانیشەوە." هەروەها ڕایگەیاند، ئێران ناتوانێت ئەرکی پشکنەرەکان سنووردار بکات بە "ئەو دامەزراوانەی کە هێرشیان نەکرایە سەر." گوتیشی: "هیچ پشکنینێکی هەڵبژێردراو نییە."
ئەمە یەکەم تیمی IAEAیە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکەدا هەڵپەساردبوو، دوای ئەو شەڕەی ئیسرائیل دەستیپێکردبوو.