دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی: ترەمپ مافی یاسایی نییە باج بەسەر وڵاتاندا بسەپێنێت

دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی بڕیاریدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، مافی یاسایی نییە باج بەسەر هەموو وڵاتێکدا بسەپێنێت، بەڵام پشتگیری لە هەوڵەکانی کرد بۆ دروستکردنی دیوار لە دەوری ئابووری ئەمەریکا.

ڕۆژی هەینی، دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدرالی ئەمەریکا، بڕیاریدا کە ترەمپ لەڕووی یاساییەوە ڕێگەی پێنەدراوە باری نائاسایی نیشتمانی ڕابگەیەنێت و باجی هاوردەکردن بەسەر هەموو وڵاتاندا بسەپێنێت.

دادوەرەکان لە بڕیارەکەیاندا نووسیویانە "پێناچێت کۆنگرێس بەنیازی ئەوە بووبێت دەسەڵاتی بێسنوور بە دۆناڵد ترەمپ بدات بۆ سەپاندنی باج بەسەر وڵاتاندا."

هەروەها دادوەرەکان بڕیاریان کابردنی باجەکانیان نەدا، ئەمەش کاتیان بە ئیدارەکەی ترەمپ دا، تا تانە لە دادگای باڵا بدات.

دۆناڵد ترەمپ، بەڵێنیدا ئەو کارە بکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'Truth social'دا نووسیویەتی، "ئەگەر ڕێگە بەم بڕیارنامەیە بدرێت باج بوەستێت، ئەوا ئەمەریکا لەناو دەبات."

گوتیشی: هەموو ئەو باجانەی کە لەسەر هاوردەکردنی هەندێک وڵات سەپێندراون وەک خۆیان دەمێننەوە، سەرەڕای ئەوەی دادگای تێهەڵچوونەوەی واشنتن بڕیاریدا کە زۆرێک لەو باجانە نایاسایین.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمەریکا چیتر بەرگەی کورتهێنانی بازرگانیی و بەربەستە بازرگانییە نادادپەروەرانەکان ناگرێت، چ گومرگی بێت یان نا گومرگی، لە هەر وڵاتێکی دۆست یان دوژمن بێت. ئەگەر ئەم بڕیارە جیبەجێ بکرێت هەڕەشە لە سەقامگیری ئەمەریکا دەکات"، ڕوونیشیکردەوە لە دادگای باڵای ئەمەریکا تانە لە بڕیارەکە دەدات .

کوش دێسای گوتەبێژی کۆشکی سپی  ڕایگەیاند، ترەمپ بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی کردووە و ئێمە چاوەڕوانی سەرکەوتنی کۆتایی دەکەین لەم بابەتەدا.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment