نیویۆرک پۆست: تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە حەوت هەزار کۆچبەری نایاسایی هاتوونەتە ئەمەریکا
ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی ڕایگەیاندووە، سەرەڕای ڕێوشوێنە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ لە دژی کۆچبەرانی نایاسایی، ڕێژەی هاتنی کۆچبەران بۆ ئەمەریکا بەرزبووەتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، سەرەڕای ڕێوشوێنە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ لە دژی کۆچبەرانی نایاسایی، ڕێژەکە لە سنوورەکانی ئەمەریکا و مەکسیک زۆر بەرزبووەتەوە، کە تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە حەوت هەزار و 200 حاڵەتی پەڕینەوەی نایاسایی تۆمارکراوە، بە بەراورد بە مانگی تەمموز بە ڕێژەی 57% زیادیکردووە.
شەممە، 30 ئابی 2025، ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست لەسەر زاری بەرپرسانی سنوورەکان ڕوونیکردەوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە زیادییان کردووە کە پێشینەی تاوانیان هەیە و مەیلی توندوتیژییان هەیە، ئەمەش ئاستەنگی ئەمنیی دروست دەکات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ڕێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتە بەر و بڕیاریدا بوو دیواری سنوورەکان لەم دواییانەدا بە ڕەنگی ڕەش بۆیاخ بکات و بەڵێنەکانی بۆ دیپۆرتکردنەوەی بەرفراوان جێبەجێ بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا باری نائاسایی نیشتمانی لە سنووری باشووری وڵاتەکەی ڕاگەیاند و بەڵێنیدا دەستبەجێ ڕێگری لە کۆچی نایاسایی بکات، بەڵام ئامارەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن، کە کۆچی نایاسایی تاوەکوو ئێستا بەردەوامە.