محەممەد حەسسان: لە عێراق زۆر ترسم لە تەشەنەکردنی گەندەڵی هەیە

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان  بۆ عێراق، ڕایگەیاند، ئەوەی من ترسم هەیە لە عێراق، تەشەنەکردنی گەندەڵییە بە هەموو جۆرەکانیەوە.

محەممەد حەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە کەربەلا لەگەڵ سەرۆکی دیداری نەبا بۆ دیالۆگ، عەلی تالەقانی و ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان و کەسایەتی سیاسیی کۆبووەوە.

لەوبارەوە عەلی تالەقانی، سەرۆکی دیداری نەبا بۆ دیالۆگ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دیدارەکەدا محەممەد حەسسان هۆشداریی لەبارەی ئەو ئاستانگییانە دا کە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، حەسسان باسی لەو دەستوەردانە دەرەکیانەش کرد کە کێشە نێوخۆییەکان و گەندەڵی سیاسیی و داراییەکان و کەمی متمانەی هاووڵاتییان لێ کەوتووەتەوە.

هەر لە دیدارەکەدا، محەممەد حەسسان هۆشداریشی لەبارەی کاریگەریی دەستەوەردانە دەرەکییەکان بەسەر یەکڕیزی عێراق کێشەی کۆچکردن و بەبیابانبوون و پیسبوونی ژینگە دا، پێی وابوو ئەم بابەتانە هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان.

هەر لە سەردانەکەی بۆ کەربەلا و بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە زانکۆی (وارث الانبياء) محەممەد حەسسان ڕایگەیاند، گەندەڵی بەربەستێکە لەبەردەم دادوەریی و پێشکەوتن، و جەختیشی کردەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقییە.

محەممەد حەسسان گوتیشی "ترسی زۆرم هەیە لە عێراق، گەندەڵی تەشەنە بکات، لێرەدا مەبەستم تەنیا گەندەڵی سیاسی نییە، بەڵکوو گەندەڵی بە واتا فراوانەکەی ئینجا گەندەڵی ئیداری یاخود ئەخلاقی یان زانستی یان دامەزراوەیی بێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا، حەسسان داوایکرد، بە تووندی لە دژی گەندەڵی بوەستنەوە و گەندەڵکاران لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت بەبێ جیاکاری.

پێشتر سەمیر غەتتاس، گوتەبێژی یونامی لە عێراق ڕایگەیاندبوو، لە کۆتایی ئەمساڵدا، کاریان لە عێراق کۆتایی دێت، لەسەر داواکاری حکوومەتی عێراقی و بە هیچ جۆرێک باس لە نوێکردنەوەی وادەی کارکردنەکەیان ناکرێت.

عەلی تالەقانی و محەممەد حەسسان

 

 
 
Fly Erbil Advertisment