یەکێتیی ئەورووپا داوا لە ئەمەریکا دەکات ڤیزا بدەنە بەرپرسانی فەڵەستین
دوای ئەوەی ئەمەریکا بڕیاری دا ڤیزا بە بەرپرسانی فەڵەستین نەدەن، یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکە پیشان دا و داوا دەکات بە بڕیارەکەیان دا بچنەوە.
شەممە 30ـی ئابی 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی: لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، داوا لە ئەمەریکا دەکەین لە بڕیارەکانیان بۆ پێ نەدانی ڤیزا بە پرسانی فەڵەستین بچنەوە.
هاوکات ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕەتی کردەوە کە هیچ سنوورادارکردنێک لە بەشداریکردن لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی پێشنیازی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئیسرائیل کۆبوونەوە، بەر لە کۆبوونەوەکەش بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرای کرد کە ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا لەو بارەوە دوو ڕایی جیاوازیان هەیە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ماڵپەڕی "ئێکسیۆس"ی ڕاگەیاندبوو، واشنتن ڕێگە بە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتداریی فەڵەستین نادات بەشداری لە کارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو لە نیویۆرک بەڕێوە بچێت.
هەمان بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، ئەم ڕێوشوێنە جگە لە مەحموود عەباس، نزیکەی 80 بەرپرسی دیکەی باڵای دەسەڵاتداریی فەڵەستینیش دەگرێتەوە.
لە بەرانبەردا، سەرۆکایەتیی فەڵەستین نیگەرانی و سەرسووڕمانی قووڵی خۆی لە بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و "ڕێککەوتننامەی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان"دا ناگونجێت، بەتایبەتی کە دەوڵەتی فەڵەستین ئەندامێکی چاودێرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە فەرەنسا و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی داهاتوو لە ئەمەریکا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن.