عێراق.. وڵاتێکی پڕ لە داهات و بێ خزمەتگوزاری
دانیشتووانی گەڕەکی کۆرنیش لە باشووری بەغدا، بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن. شەقامە قوڕ و پڕ لە خۆڵەکان و نەبوونی ئاوەڕۆ بووەتە سیمایەکی دیاری ناوچەکە، کە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی سەخت کردووە.
هاووڵاتییان گلەی ئەوە دەکەن کە لە وەرزی هاویندا بەهۆی تۆز و خۆڵەوە ناڕەحەتن و لە زستانیشدا شەقامەکان دەبنە قوڕ و لیتە، کە هاتووچۆ بۆ قوتابییان و دانیشتووان بە گشتی ئەستەم دەکات. یەکێک لە دانیشتووان بە کوردستان24ی گوت: "خزمەتگوزاری سفرە. کاتێک باران دەبارێت، ناوچەکە دەکەوێتە ژێر ئاو. ئێمە قوتابیمان هەیە و مەترسیمان لەسەریان هەیە."
باس لەوەش دەکات، ماڵەکەی لە بابل فرۆشتووە و هاتووەتە ئەم گەڕەکە بە هیوای ژیانێکی باشتر، بەڵام خزمەتگوزاری زۆر خراپە.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەبێتە جێگەی سەرنجی کاندیدەکان و بەڵێنی جۆراوجۆر بە دانیشتووانەکەی دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. یەکێک لە هاووڵاتییان بە گلەییەوە گوتی: "ماوەی 20 ساڵە هیچ خزمەتگوزارییەکمان نییە. ڕێگاکانمان قیرتاو نین، تەنانەت ئاوەڕۆشمان نییە. پێش هەڵبژاردن دێن و بەڵێن دەدەن، بەڵام دوای هەڵبژاردن کەسیان دیار نامێنێت."
سەرەڕای ئەو بودجە زۆرانەی کە بۆ بەغدا تەرخانکراوە، بەڵام لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، خەڵکی ئەم ناوچەیە بەردەوام کێشەی کەمیی خزمەتگوزارییان هەبووە. نەبوونی ڕێگەی قیرتاو، کارەبا، و ئاو، گەورەترین ئەو کێشانەن کە دانیشتووانی بەغدای گرتووەتەوە.