دەیڤد پاتێڵ: لە ئەگەری نەگەڕانەوەی ئێران بۆ گفتوگۆ ڕووبەڕووی هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبێتەوە
توێژەرێک لە ناوەندی بێڵفەر بۆ دەستپێشخەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند، 30 ڕۆژ مۆڵەت دراوەتە تاران بۆ ئەوەی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەگەر نا لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنەوەسەر ئێران.
یەکشەممە 31ی ئابی 2025، دەیڤد پاتێڵ، توێژەر لە ناوەندی بێڵفەر بۆ دەستپێشخەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستان24ی گوت: ئیدارەی ترەمپ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق وەک دامەزراندنی سوپای پاسداران لەو وڵاتە دەبینێت. ئەمەش بەبڕوای ئیدارەی ترەمپ هەژموونی ئێران لە عێراق زۆر پتەو دەکات.
سەبارەت بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سناپباک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی دا، وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پڕۆسەکەیان چالاک کردووەتەوە، هاوکات 30 ڕۆژە مۆڵەتییان داوەتە ئێران بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 پیشان بدات، لەم ماوەیەدا دەبێت ئێران ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدات بچنە بنکە ئەتۆمییەکان و بڕیاربدات ئایا دەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا، ئەگەر ئێران ئەمە نەکات بە ئەگەرێکی زۆر لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا هێرش دەکەنەوە سەر ئێران.
ئەو توێژەرە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کاتە گرووپە میلیشیاکان لە عێراق دەبێت بڕیار بدەن ئایا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەن یان لەسەر داوای ئێران هێرشدەکەنە سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و عێراق لە جەنگەکە تێوە دەگلێنن.