بەریتانیا ڕێکارەکان بەرانبەر پەنابەران توندتر دەکات

حکوومەتی بەریتانیا لە هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی پەنابەران بەردەوامە، لەو بارەشەوە وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاماژەی دا، تاوەکوو چاکسازییەکانی یاسای یەکگرتنەوەی خێزان تەواو دەبێت، ڤیزای یەکگرتنەوەی خێزان چالاک نابێت دەشڵێت، لە کۆتایی ئەم مانگە کاروانێکی کۆچبەران دەنێرنەوە فەرەنسا.
دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، ئیڤێت کوپەر, وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پەنابەران، بە شێوەیەکی کاتی داواکاری ڤیزای یەکگرتنەوەی خێزانی پەنابەران لە وڵاتەکەی ڕاگرت، ئەمەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکوومەت لە یاساکە دەبێت. ئاماژەشی داوە، تاوەکوو چاکسازی لە یاساکە دەکرێت، خێزانە پەنابەرەکان، بە هەمان یاسا و هەلومەرجی کۆچبەران مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
باسی لەوەش کردووە، دەبێت حکوومەت فشارەکانی سەر دەسەڵاتە نێوخۆییەکان چارە بکات و ڕێگری لە هەوڵەکانی باندە تاوانبارەکان بکات، لەم ڕێگەییەوە، خەڵک بە قاچاخ نەهێننە بەریتانیا.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتیشی: "لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ فەرەنسا کردوومانە، لە کۆتایی ئەم مانگە، دەست بە گەڕاندنەوەی یەکەم کاروانی کۆچبەران دەکەین." هاوکات بەرپرسانی بەریتانیا دەستیان کردووە بە دەستگیرکردنی خەڵک لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ پاریس.
مانگی ڕابردوو، بەریتانیا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ فەرەنسا کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە دەگەنە بەریتانیا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەفتانە نزیکەی 50 پەنابەر دەگەڕێنرێنەوە بۆ فەرەنسا، لە بەرانبەردا بەریتانیا ئەو پەنابەرانە وەربگرێت کە بە شێوەی یاسایی لە فەرەنسا داواکارییان پێشکەش کردووە. ئەم ڕێککەوتنەش تا ئێستا کاری پێ نەکراوە.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئامارێکی بڵاو کردووەتەوە، لە ساڵی 2025، نزیکەی 21 هەزار ڤیزای یەکگرتنەوەی خێزانیان داوە، کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەت بوونە.ئەوەشی خستووتەڕوو، لە ماوەی ساڵێکدا تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ، زیاتر لە 111 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرییان لە بەریتانیا کردووە، کە لە ساڵی 2001 بەرزترین ژمارەی داواکارییە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ساڵێکدا، لەو کاتەی کییەر ستارمەر بووەتە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، زیاتر لە 50 هەزار کۆچبەر بە بەلەمە بچووکەکانەوە لە باکووری فەرەنساوە هاتوونەتە ئەو وڵاتە.
پرسی پەنابەران بووەتە پرسێکی سیاسی لەلایەن پارتەکانەوە، بەتایبەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، و زۆر جار کێشە ئابوورییەکانی وڵات دەخرێتە ئەستۆی پەنابەرە نایاساییەکان.
ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژیی کۆمەڵایەتی، بە جۆرێک کە هەفتانە هێرش دەکرێتە سەر ئەو هۆتێلانەی پەنابەرانی تێدا نیشتەجێ کراون. لەم دوایانەشدا لە لەندەن سەدان کەسی دەمامکدار خۆپیشاندانیان کرد و داوای دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانیان دەکرد، کە گرژیی لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا لێکەوتەوە.