کەرکووک.. هاووڵاتییان و جووتیارانی کورد داوای یەکڕیزی لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن
هاووڵاتییان و جووتیارانی کورد لە کەرکووک، جەخت لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەکەنەوە و بە کلیلی سەرکەوتن و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە شارەکەدا دەزانن.
هاووڵاتییان نیگەرانیی خۆیان لە پەرتەوازەیی سیاسی دەردەبڕن و ئاماژە بەوە دەکەن کە ناکۆکیی نێوان لایەنەکان زیانی گەورەی بە دۆزی کورد لە کەرکووک گەیاندووە. عێزەدین مستەفا، یەکێک لە هاووڵاتییان، بە کوردستان24ی گوت: "ئەگەر یەک نەگرین، ئەفەوتێین و دوژمن پێمان دەوێرێت." هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی یوسف جەوهەر، ئاماژەی دا، جیاوازیی نێوان لایەنەکان زەرەری لە کوردی کەرکووک داوە.
هاوکات، جووتیارانی کورد لە کەرکووک باس لەوە دەکەن کە بەهۆی بارودۆخی سەختی شارەکەوە، کێشەی زەوییەکانیان لە کشتوکاڵدا بۆ دروست بووە و داوای چارەسەر دەکەن.
هاوکات بەرپرسە سیاسییە کوردەکان دان بە گرنگیی یەکڕیزیدا دەنێن. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت هەموو لایەنەکان لە کەرکووک یەکڕیز بن و تەواوکەری یەکتر بین. هەروەها، نەشئەت حەوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی کەرکووک هیزوئیرادەمانە ئاماژە بەوە دەکات کە "یەکڕیزی کلیلی سەرکەوتنەکانە."
کەرکووک، وەک شارێکی فرەنەتەوە و فرە مەزهەب، بەردەوام گۆڕەپانی ململانێی سیاسی بووە. لەم نێوەندەدا، هاووڵاتییانی کورد بە نیگەرانییەوە سەیری داهاتووی شارەکە دەکەن و یەکڕیزی بە تاکە ڕێگەی مسۆگەرکردنی مافەکانیان و بەهێزکردنی پێگەیان دەزانن.