فێستیڤاڵی ترێ لە ڕواندز بەڕێوەچوو
لە شارۆچکەی ڕواندز، یەکەمین فێستیڤاڵی ترێ بە بەشداریی جووتیاران و باخەوانانی ناوچەکە بەڕێوەچوو. لە فێستیڤاڵەکەدا، 12 جۆر لە باشترین بەرهەمەکانی ترێی گوندەکانی دەوروبەری ڕواندز نمایش کران، کە بە کوالێتی و ناوازەیی ناسراون.
ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە، بازاڕکردن و ناساندنی بەرهەمی جووتیاران بوو بە خەڵک و پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچەکە. جۆرە بەناوبانگەکانی وەک ترێی کالی، حەلوانی و کشمیشی لەنێو بەرهەمە نمایشکراوەکاندا بوون.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەمیانی بەشداریکردنیدا لە فێستیڤاڵەکە، ستایشی کوالێتیی بەرهەمە ناوخۆییەکانی کرد بە کوردستان24ی گوت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و هەوڵ دەدات پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەسترێت و تەنانەت هاوردەی دەرەوە بکرێت. جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە هەنگاوی گرنگن بۆ یارمەتیدانی جووتیاران لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
یەکێک لە جووتیارە بەشداربووەکان، محەممەد مستەفا، ئاماژەی دا، ترێی ناوچەکەیان کوالێتییەکی بەرزی هەیە و خۆڕاگرە، بەجۆرێک کە دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگیرێت. جووتیارێکی تر بەناوی محەممەد سەید، باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ بەهۆی کەشوهەوای نالەبارەوە، وەک تەرزە و سەرما لە وەرزی بەهاردا، بەرهەمی ترێ کەمتر بووە، بەڵام نرخەکەی زۆر گونجاوە.
لە جیهاندا سەدان جۆر ترێ هەن و نزیکەی 20 جۆریان لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن، کە بەشێکی زۆریان لەلایەن جووتیارانی دەڤەری ڕواندزەوە دەچێنرێن. فێستیڤاڵەکە دەرفەتێکی گونجاوی ڕەخساند بۆ ئەوەی جووتیاران بەرهەمەکانیان ڕاستەوخۆ بە کڕیاران بناسێنن و ساغی بکەنەوە.