ترەمپ: ئەگەر ئیسرائیل لە شەڕی غەززە سەرکەوتوو بێت پشتگیری وڵاتان لە دەست دەدات

سەرۆکی ئەمەریکا لە دوامین لێدوانیدا لەبارەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەرچەندە ئەو پشتگیرییان دەکات، بەڵام وڵاتەکە کۆنترۆڵی بەسەر کۆنگرێسدا لەدەستداوە، دەشڵێت، بە بەردنەوەی شەڕەکەی غەززە، پشتیوانی وڵاتان لە دەست دەدات.

دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025، بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ دەیڵی کۆڵەر کە ڕۆژی هەینی 29ی ئابی 2025 کراوە، بڵاو بووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ئەو لۆبییە بەهێزەی 20 ساڵ بەر لە ئێستای لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا نەماوە و کۆنترۆڵی بەسەر کۆنگرێسدا لەدەستداوە.

ترەمپ گوتیشی: ئاگاداری گومان و تێڕوانینی نەرێنیی لەنێو کۆمارییەکانە، بەتایبەتی گەنجان، بەرانبەر بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل. دەشڵێت: ئیسرائیل زۆر پشتگیری منی کردووە، هاوکات کەس هێندەی من کاری بۆ ئیسرائیل نەکردووە، هەر وەکوو ئەو هێرشانەی کردمانە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئاماژەشی دا، ڕەنگە ئیسرائیل جەنگەکەی غەززە بباتەوە، بەڵام پەیوەندییە گشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەست دەدات و ئەمەش زیانی بۆ ئەوان دەبێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس لە تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی هەزار و 219 کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. هەروەها 251 وەک بارمتە گیراوەن، تاوەکوو ئێستا 47 کەسیان لە غەززە ماون و نزیکەی 20 کەسیان لە ژیاندا ماون.

هەروەها تەندروستی غەززەش بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لانیکەم 63 هەزار و 459 فەلەستینی کوژراون کە زۆربەیان مەدەنین.

 
 
Fly Erbil Advertisment