زیاتر لە هەزار کەس بەهۆی داڕمانی زەوی مردن

سوپای ڕزگاریخوازی سوودان، ڕایگەیاند، بەهۆی داڕمانی زەوی لە ناوچەی چیای مەررە لە هەرێمی دارفوور لە ڕۆژئاوای سوودان، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

بزووتنەوە سوپای ڕزگاریخوازی سوودان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دوای بارانباترینی بەخوڕ، ڕۆژی یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، داڕمانی زەوی لە ناوچەیەکی چیای مەررە لە هەرێمی دارفوور ڕوویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، هەروەها داواشیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە یارمەتییان بدەن بۆ دەرهێنانی تەرمی قوربانیان.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو گوندەی چیای مەررە بە تەواوی تەخت بووە و هیچ کەسێکیش ڕزگاری نەبووە، جگە لە یەک هاووڵاتی نەبێت.

پێشتر بەهۆی شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هاووڵاتییانی باکووری دارفۆر، پەنایان بردبووە بەر چیای مەررە، سەرەرای ئەوەی ڕووبەڕووی کەمئاوی و خۆراک ببوونەوە.

لە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ لە نێوان سوپای سوودانی و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕوویدا، تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە و دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە هەشت ملیۆن سوودانی ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment