سووریا دوای 14 ساڵ، دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کردەوە

بەرپرسێکی نەوتی سووریا ڕایگەیاند، 600 هەزار بەرمیل نەوتی خاویان لە بەندەری تەرتوسەوە هەناردە کردووە، ئەمەش یەکەمین پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتە لە دوای ساڵی 2010ەوە.
کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی سووریا هەناردەکردنی 600 هەزار بەرمیل نەوتی لە بەندەری تەرتوس بە کەشتیی 'نیسۆس کریستیانا' ڕاگەیاند، کۆمپانیاکە ئاشکراشی کرد، لە داهاتوودا هەناردەکردنی نەوت بەردەوام دەبێت، ئەمەش لەچوارچێوەی پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و بوژاندنەوەی کەرتی نەوت و فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دێت.
مەعن پاشا، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا 'سانا'ـی ڕاگەیاند، یەکەم کەشتی نەوتی خاو لە بەندەری نەوتی تەرتوسەوە هەناردە کرا، کە بەرهەمی کێڵگەکانی سووریا و زیادەی نەوتی پاڵاوگەکانی بانیاس و حمس لەخۆدەگرێت، کە زۆرترین بەرهەمی نەوتیان هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا وەرگیراوەکانی نەوت لە بازاڕی ناوخۆدا بەردەستن، ئەو بڕەی هەناردە دەکرێت زیادەی پێداویستییەکانی پاڵاوگەکانن، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتی ئابووری نیشتمانی و دابینکردنی دراوی بیانی.
مەعن پاشا، گوتیشی: هیوام وایە پرۆسەی هەناردەکردن بەبێ پچڕان بەردەوام بێت، دەشڵێت: ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمپانیا و دامەزراوە نەوتییەکان لە سووریا ئەو ژێرخانانەیە کە ڕژێمی پێشوو بەجێی هێشتووە، ڕوونیشیکردەوە، لە ئێستادا پڕۆژەیەک لە ئارادایە بۆ داڕشتنەوەی تەواوەتی دامەزراوەکانی وەزارەتی نەوت، بە هاوکاری کارمەندانی ناوخۆ.
ڕیاز جوباسی، جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی نەوت و گاز، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی دووشەممە، یەکەم کەشتی نەوتهەڵگر نەوتی قورسی سووریای بارکرد، کە نزیکەی 600 هەزار بەرمیل بووە و لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی 'bserf Energy'ەوە کڕدرا، کە تایبەتە بە کڕینی نەوتی خاو و هەناردەکردنی.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی حکوومەتی سووریا و پلانەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەوت لە وەزارەتی وزە بۆ بەهێزکردنی پێگەی سووریایە لە بازاڕەکانی دەرەوەی نەوت.