وۆڵ ستریت جۆرناڵ: سەربازانی سوپای ئیسرائیل مۆڕاڵیان نەماوە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، مۆڕاڵی سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە ڕووخان نزیک بووەتەوە، فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سوپایەش هەوڵ دەدەن سەربازیی زیاتر بێننە نێو سوپاکە بۆ ئەوەی لە جەنگی سەر حەماس، سەرکەوتوو بن.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، سەربازانی سوپای ئیسرائیل زۆر ماندووبون، باوەڕیان بە جەنگی سەر غەززە و بزووتنەوەی حەماس نییە، بەتایبەتیش کە ئێستا کەوتوونەتە نێو شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.
ڕۆژنامەوی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکا چاوپێکەوتنی لەگەڵ 30 سەربازی سوپای ئیسرائیل کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، ئەو سەربازانە کە کاری خۆیان و خوێندن، هەروەها خانەوادەکانیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گرنگ بەجێهێشتووە، گەیشتوونەتە دوا خاڵی بێهیوایی و داڕووخان.
هەر لەبەر ئەو حاڵەتەی خەریکە دەبێتە دیاردە لەنێو سەربازانی سوپای ئیسرائیل، فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سوپایە هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر بۆ ئەوەی سەربازی زیاتر بۆ ئۆپەراسیۆنەکە کۆبکەنەوە، یەک لە فەرماندەکانیش لە پلاتفۆرمی واتسئاپ، نامەی بۆ قوتابیانی زانکۆی ئیسرائیل ناردووە و تێیدا نووسیویەتی" بەدوای سەربازانی شەڕکەر دەگەڕێم، بەتایبەتیش فریاگوزاران و نیشانەشکێنەکان، بۆ ئۆپەراسیۆنێک کە 70 ڕۆژ دەخانەیەنێت و لە 11ـی مانی ئەیلوولەوە دەست پێدەکات، هەر سەربازێکی یەدەگیش کە خواستی هەیە، با پەیوەندی تایبەتم پێوە بکات"
ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەوی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی ئاماژەی بەوە کردووە، ماوەی مانگێک زیاترە، سوپای ئیسرائیل ژمارەی سەربازەکانی ڕۆژ دوای ڕۆژ کەمتر دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای ئیسرائیل هەوڵدەدات هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتر بکاتەوە، بەپێی ڕاپرسییەکانیش، سەدا 80ـی ئیسرائیلییەکان داوا لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ دەکەن، ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس بکات و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و دیلەکان ئازاد بکات و بارمتەکانیش بگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان، لەگەڵ ئەوانیشدا، سەربازانی پێشووی سوپای ئیسرائیل داوا دەکەن جەنگ بووەستێت و بارمتەکان بگەڕێندرێنەوە.