پوتن: هەرگیز بیرم لە داگیرکردنی ئەورووپا نەکردووەتەوە

سەرۆکی ڕووسیا دووپاتی کردەوە، هەرگیز نیازی نییە هێرش بکاتە سەر وڵاتانی ئەورووپا، دەشڵێت، کێشەی لەگەڵ گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا نییە، بەڵام دەبێت گەرەنتی ئەمنی ڕووسیا پارێزراوبێت.

سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە دوامین لێدوانی لەبارەی ئۆکرانیا گوتی: دەبێت ئۆکرانیا خۆی بڕیار لە پاراستنی ئاسایشی خۆی بدات، بەڵام نابێت ئاسایشی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە و بە تایبەت ڕووسیا بکەوێتە مەترسییەوە.

پوتن جەختیش لەوە دەکاتەوە، ڕووسیا هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە هێرش بکاتە سەر هیچ وڵاتێک، هەرگیزیش وا ناکات. گوتیشی: ئەو ترسەی ئەورووپا ئیستفزازی و بێ تواناییە

سەرۆکی ڕووسیا باسی لەوەش کرد، هەرگیز دژی ئەوە نەبوونە ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا. ئاماژەشی دا، لە سەردەمی ترەمپ گوێ لە ڕووسیا دەگرێت.

دەشڵێت، ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر ئارامیمان لەسەر هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە گرت، بەڵام دواجار بڕیارمان دا وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە.

یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری دەرەوە ئاماژەی دا، هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا نەکراوە.

هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لەو بارەوە گوتی: قسەم لەگەڵ هەر دوو سەرۆکی ڕووسیا و ئۆکرانیا کردووە، بەڵام بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نێوانیان ئامادە نین.

ڕۆژی دووشەممە 18ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا، ئەلێکساندەر ستەبی، سەرۆک فینلەندا، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، کییەر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن کردووە، پوتنیش ڕەتی نەکردووەتەوە.

هەروەها کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە دەرەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا کرا.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment