نوێترین زانیاری لە بارەی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، باس لە دوو خاڵی ناکۆک کراوە کە تا ئێستا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە. هەروەها شاندی حکوومەتی هەرێم ئەمشەو دەگەڕێتەوە هەولێر.

سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لە بارەی لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، گوتی: هەردوولا باسیان لە دوو خاڵی ناکۆک کردووە کە تا ئێستا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە.

کوردستان24 زانیویەتی، حکوومەتی هەرێم داوا دەکات بۆ گواستنەوەی هەر بەرمیل نەوتێک لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بۆ بۆریەکانی بەندەری جەیهان، بڕی یەک تا سێ دۆلار دیاریی بکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە بدات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، شاندی حوومەتی هەرێم، داواکاری کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمیان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕاگەیاندووە، کە تێیدا کۆمپانیاکان داوای ڕێککەوتنێکی تۆکمە دەکەن کە هاوشێوەی گرێبەست دڵنیای بدات لە پێدانی 16 دۆلار بۆ تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیل نەوتێک بە بەردەوامی.

شڤان جەباری، ئەوەشی خستە ڕوو، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئامادە نییە بۆ واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە کە دڵنیایی بە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بدات، هەروەها ئەو کارە بە ئەرکی وەزارەتە سامانە سروشتییەکان دەزانێت.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد، شاندی حکوومەتی هەرێم ئەمشەو دەگەڕێتەوە هەولێر، بۆ ئەوەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ببەنە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێم، کە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت.

بە پێی زانیارییەکان، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بەغدا.

ئەمڕۆ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان و ئەندامێتی  ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک بەرێوبەری گشتی، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کۆبووەوە.

پێشتریش سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: رۆژی 2ـی مانگ کە دەکاتە ، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کۆدەبێتەوە.

گوتوبووشی: ئامانجی کۆبوونەوەکە، رێککەوتنە لەسەر پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، چونکە تا ئێستا بەشێک لە کۆمپانیاکان ڕازی نین بەبێ ڕێککەوتنی نووسراو هەناردەی نەوت دەست یپێبکەنەوە. 

 
Fly Erbil Advertisment