عەلی لاریجانی: ڕێگای دانوستانمان لەگەڵ ئەمەریکا دانەخستووە

ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بکات، دەشڵێت، مەرجەکانی ئەوان هۆکارە بۆ ئەوەی دانوستانەکان نەکرێن.

سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ڕێگای دانوستانمان لەگەڵ ئەمەریکا دانەخستووە، بەڵکوو ئەوە ئەمەریکایە کە نایەوێت دانوستان بکات و ڕەخنەش لە ئێمە دەگرێت.

ئاماژەشی داوە، باسکردن لە بابەتی نا ڕاستەقینەی وەک سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی، مەرجدانانەی بۆ دانوستانەکان، ئەمەش وای کردووە دەرفەتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئێران نەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ ئەمەریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا کرد، بۆ چالاککردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان سەر ئێران.

دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران لە کاتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر تاران وەستاون.

پێنجشەممە 28ی ئابی 2025، هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، میکانیزمی سناپ باکیان لە دژی ئێران چالاک کرد. داوایان لە ئێران کرد، لە ماوەی 30 ڕۆژ پابەندبوونی خۆی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پیشان بدات.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە 26ی ئابی 2025، وڵاتانی ئەورووپی و بەریتانیا بە مەبەستی چارەکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە لە جنێڤ لەگەڵ شاندی ئێران کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بەر لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم دەرفەت بدەنە ئەو وڵاتە.

میکانزیمی سناپ باک

میکانیزمی سناپ باک (Snapback) یانیش (جڵەوکردنی پەلەپیتکە) پلانی ئەمەریکا بوو لە سەردەمی باراک ئۆباما لە ساڵی 2015، بۆ ئەوە بوو ئەگەر ئێران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت بەرانبەر بەو لایەنانەی دواتر بە ڕێککەوتننامەی 5+1 یاخود (JCPOA)، کە پێکهاتبوون لە ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمانیا، ناسران. ئامانجی سەرەکیشی بریتی بوو لە دڵنیاکردنەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە، کە ئەم میکانیزمە خێرایە دەتوانێت دووبارە سزاکانی سەر ئێران بگەڕێنێتەوە، ئەگەر پابەندیی پابەندی و بەڵینەکانی نەبێت.

ڕێککەوتننامەی 5+1، لە چوارچێوە گشتییەکەیدا گوزارشت لە بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دەکات وەکوو چەترێک بۆ هەموو بڕیارە تاکلایەنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کە کۆمەڵێک سزای لەخۆ گرتووە.

هەروەها میکانیزمی سناپ باک مافی ئەوە دەداتە ئەمەریکا بۆ هەموو بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بگەڕێتەوە و داوای گەڕاندنەوەی دەستبەجێیان بکات لە ماوەی 30 ڕۆژدا، واتە لە دوای ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسای.

ئەمەریکا لە ئەیلوولی 2020دا هەوڵی چالاککردنی ئەو میکانیزمەی بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بوو، بەڵام زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕەتیان کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمەریکا لەناو ڕیککەوتننامەکەدا نەمابوو.

 
Fly Erbil Advertisment