بڕیارە ڕوبیۆ لە ناوەڕاستی ئەم مانگە سەردانی ئیسرائیل بکاتەوە

چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکا ئاماژەیان داوە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان سەردانی ئیسرائیل دەکات
سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، ڕۆژنامەی جۆرزلیم پۆستی ئیسرائیلی، لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەردانی ئیسرائیل دەکات.
ڕۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە، ڕوبیۆ لە 14ی ئەیلوولی 2025 دەست بە گەشتەکەی بۆ ئیسرائیل دەکات.
پێشتر ڕوبیۆ لە مانگی شوباتدا سەردانی ئیسرائیلی کردبوو، کە یەکەم گەشتی بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گەیشتەکەی بۆ ئیسرائیل لە کاتێکدابوو کە ئەمەریکا و ئیسرائیل هەوڵیان بۆ ئازادکردنی شەش بارمتە زیندووەی لە غەززە دەدا.
هەروەها ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەرەتای مانگی ئابدا سەردانی ئیسرائیلی کرد و دواتر سەردانی دەزگای خێرخوازی غەززە (GHF)ی کرد کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێت و لەوێ لەگەڵ خێزانی بارمتەکاندا کۆبووەوە و گوتی: ئەمەریکا پلانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە هەیە.