ماکرۆن: ناتوانرێت ڕێگری لە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل بکرێت

سەرۆکی فەرەنسا دووپاتی کردووە کۆنفرانسی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت و هەر هەوڵێکیش ناتوانێت ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفرانسە بکات، دەشڵێت، دەبێت ڕێگە بە نوێنەرانی فەڵەستین بدرێت بەشداری بکەن.
سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودییە کرد، کە بڕیارە لە 22ی ئەیلوول لە نیویۆرک هاوسەرۆکایەتیی "کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل" بکەین.
ئاماژەشی داوە، بڕیاری ئەمەریکا بۆ پێنەدانی ڤیزا بە بەرپرسانی فەڵەستینی قبووڵکراو نییە. داوا دەکەین ئەم ڕێکارە هەڵبوەشێنرێتەوە و وەک وڵاتی مێوان نوێنەرایەتیی فەڵەستین قبووڵ بکات.
سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوەش کردووە، ئامانجامان کۆکردنەوەی زۆرترین پشتیوانیی نێودەوڵەتییە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی، کە تاکە ڕێگایە بۆ بەدیهێنانی خواستە ڕەواکانی ئیسرائیلی و فەڵەستین.
ماکرۆن دووپاتیشی دەکاتەوە، دەبێت ئاگربەستێکی هەمیشەیی بەدی بێت، هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن و هاوکارییە مرۆییەکانیش بە زووترین کات بگەیەنرێنە غەززە و هێزی ئاشتیپارێزین لە ناوچەکە بڵاوەیان پێ بکرێت.جەختیش لەوە دەکاتەوە، دەبێت حەماس چەکەکانیان دابنێت و لە غەززە دەربکرێن، هاوکات دەبێت چاکسازی لە دەسەڵاتی فەڵەستین دا بکرێت و کەرتی غەززەش ئاوەدان بکرێتەوە.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ هێرشێک و هەوڵێک یان بە زۆرەملێ ئاوارەکردنی خەڵک لە غەززە، ناتوانێت ڕێگری لە هەوڵەکانمان بۆ ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەت بکات.