قاسم ئەعرەجی: هۆکاری دواخستنی پرۆژە یاسای حەشدم لێ مەپرسن

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرای کرد، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ناوخۆ و دەرەوە، داوایانکردووە پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت؛ دەشڵێت: ڕێگە بە هێنانە پێشەوەی بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی نادەین.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا، گوتی: داوامان کردووە بابەتی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان دوابخرێت و دەنگدان بە پرۆژە یاساکە بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان دوا بخرێت، بەڵام داوای هۆکاری دواخستنەکە مەکەن.

ئەعرەجی ئاماژەیداوە، پرۆژە یاساکە هەم لە ئاستی ناوخۆی عێراق و هەم لە ئاستی دەرەوەش پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاترە، بەر لەوەی بخرێتە دەنگدان، هەر بۆیە دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوخۆ و گوشارەکان، بڕیاردرا دەنگدان بە پرۆژە یاساکە بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت: حەشدی شەعبی بەشێکی سەرەکی و ڕیشەییە لە سیستەمی ئاسایش و بەرگری عێراق، بۆیە ڕێگە بە هیچ دۆست و دوژمنێک نادرێت پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بکات، چونکە لە ژێر چەتری فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانە.

دوای چڕبوونەوەی هەڕەشە و هۆشدارییەکانی ئەمەریکا، سەرەڕای دابەشبوونیان بەسەر دوو ئاراستە، دواجار لایەن شیعەکانی عێراق، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو، بڕیاریاندا پرۆژە یاسای پەیکەربەندی حەشدی شەعبی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق وەربگرنەوە و دەنگدان و تێپەڕاندنی پرۆژە بخەنە خولی داهاتووی پەرلەمان.

لەمبارەوە عارف حەمامی، پەرلەمانتاری حزبی دەعوەی ئیسلامی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆکاری کشاندنەوەی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی تەنیا بەهۆی نەگونجانی کاتە و پەیوەندیی بە هیچ هەڵوێست و گوشارێکەوە نییە.

حەمامی گوتیشی: کاتی پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمان بوو، بۆیە پرۆژەکە بە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان کشاندراوەتەوە و تاوەکوو دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق ناخرێتەوە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان.

پێشتر لە 23ـی تەممووزی ئەمساڵدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.

ڕوبیۆ نیگەرانی وڵاتەکەی لە بارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بە سوودانی ڕاگەیاندووە و هۆشداری پێداوە، تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان، دەبێتە مایەی زیادبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەریی عێراق، هەربۆیە ئەمەریکا قبووڵی ناکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment