حوسییەکان 19 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەستگیر کرد

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، حوسییەکان لە سەنعای پایتەخت، هەڵمەتێکیان کرد و نووسینگەکانی ڕێکخراوەکەیان بە ئامانج گرتووە، لە ئەنجامدا 19 کارمەندیان دەستگیر کردووە.
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، 18 کەس لەو دەستگیرکراوانە یەمەنین، کە یەکێکیان کارمەندی نێودەوڵەتییە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو دەستگیرکراوانە دەکات.
گوتیشی: هەڵمەتەکان نووسینگەی ئاژانسەکانی خۆراک و تەندروستی و منداڵانیان کردووەتە ئامانج و جەختیشی کردەوە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە بە توندی ئیدانەی ئەم کارە دەکات.
ستیفان دوجاریک، ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هەڵمەتە چەند ڕۆژێک دوای کوژرانی ئەحمەد ئەلڕەحوی، سەرۆک وەزیرانی حوسییەکان و چەند وەزیرێکی دیکە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا دێت.
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت: حوسییەکان پێشتر 23 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەستگیرکردووە، هەندێکیان لە ساڵی 2021ەوە تاوەکوو ئێستا لە زینداندان.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە ئەم کارانە، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی یەمەن، بە شێوەیەکی جددی دەخاتە مەترسییەوە.