وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا: سەرچاوە داراییەکانی ئێران وشک دەکەین

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، سزای نوێی بەسەر کەرتی نەوتی ئێران و چەند کۆمپانیایەکی بازرگانیدا سەپاندووە، کە لەنێویاندا بازرگانێکی عێراقی هەیە.
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەزارەتەکەیان چەند هەنگاوێک دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە و جیهان، بەتایبەت زیادبوونی هەژموونی ئێران لە عێراق. بەم پێیە، وەزارەتەکە سزای بەسەر تۆڕێکی کۆمپانیا و کەشتیی بازرگانی نەوت و بازرگانێکدا سەپاندووە کە بە قاچاخ نەوتی ئێرانیان بە ناوی نەوتی عێراق هەناردەی دەرەوە کردووە.
بێسنت ئاماژەی بەوەداوە، ئەم تۆڕە بازرگانییەی سزا دراون، نەوتیان بە وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا فرۆشتووە و دوور نییە نەوتەکە گەیشتبێتە نێو ئەمەریکاش، ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی یاساکانی ئەمەریکایە. دووپاتیشی کردووەتەوە، واشنتن بە توندترین شێوە فشار دەخاتە سەر ئێران بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی کە بۆ پشتیوانی گرووپە توندڕەوەکان بەکاریدەهێنێت و دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
هاوکات، بێسنت ڕاشیگەیاند، لە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵاتەوە تا ئێستا فشارێکی زۆر خراوەتە سەر ئێران و بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەناردەی قاچاغی نەوتی ئێران کەمبووەتەوە و داهاتی تاران دابەزیوە. ئەمەریکا پابەندە بە دابینکردنی بازاڕێکی نەوتی کە ئێران لێی بەدەر بێت. واشنتن بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی هەر لایەنێک کە بەشدار بێت لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەکانی ئێران.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە کە ئەو بازرگانەی سزا دراوە، بازرگانێکی عێراقییە بە ناوی "وەلید سامەرائی" و دانیشتووی ئیماراتە. ناوبراو زنجیرە کۆمپانیایەک بەڕێوەدەبات کە نەوتی ئێرانیان تێکەڵ بە نەوتی عێراق کردووە و لە بازاڕی جیهانیدا بە ناوی نەوتی عێراق ساغیان کردووەتەوە. بەمەش ساڵانە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار داهاتیان بۆ ئێران دابین کردووە.