فڕۆکەیەکی تورکیا کەوتە خوارەوە

فڕۆکەیەکی تورکیا کەوتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەش گیانی لە دەست دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2025، لە قەزای تۆربالی ئیزمیر، لە تورکیا، فڕۆکەیەک لە کاتی مەشق و ڕاهێناندا کەوتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەست دا.
ئاژانسی 'ئەنادۆڵۆ' بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەکە بە دەست فڕۆکەوانێکی قوتابی لە فڕۆکەخانەی 'سەلجوق ئەفەس' بۆ مەشق و ڕاهێنان بەرزبووەتەوە و بە هۆکارێکی نادیار لە کێڵگەیەکی گەنمەشامیدا لە ناوچەی 'کرباش'ـی قەزای 'تۆربالی' کەوتووەتە خوارەوە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی ڕەوانەی ناوچەکە کران. تیمەکان ڕایانگەیاند کە فڕۆکەوانی فڕۆکەکە گیانی لەدەستداوە.
فڕۆکەکە فڕۆکەیەکی مەشق و ڕاهێنانی جۆری Cessna-172ە کە سەر بە دامەزراوەی فڕۆکەوانی تورکیایە.