پوتن بۆ زێلێنسکی: وەرە مۆسکۆ لەوێ کۆدەبینەوە

سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئامادەیە لە مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە، هاوکات هۆشداریشی دا، ئەگەر جەنگی ئۆکرانیا لە ڕێگەی دیپلۆماسی چارەسەر نەکرێت، ئەوا بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر دەکات.
چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر پوتن، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە، بەڵام هیچ هۆکارێک هەیە تاوەکوو بیبینم؟ گوتیشی: ئەگەر زێلێنسکی ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە، ئەوا با بێتە مۆسکۆ و لەوێ کۆ دەبینەوە.
ئاماژەشی دا، بۆ چارەسەر نەبوونی پرسی ئۆکرانیا دەبێت ڕەخنە لە سیاسەتی ڕۆژئاوا بگیرێت، چونکە ئەوان هەمیشەی گەرەنتی ئەمنی ڕووسیایان فەرامۆش کردووە. باسی لەوەش کرد، ئەگەر بەرژەوەندی هاوبەش هەبێت، ئەوا کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ئەگەرێکی بەهێز دەبێت، چونکە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا داوای چارەسەری ئەو پرسە دەکات. هۆشداریشی دا، ئەگەر ئەو پرسە بە ڕێگای دیپلۆماسی چارەسەر نەکرێن، ئەوا بە ڕێگای سەربازی چارەسەر دەکرێت.
پوتن ئەوەشی خستەڕوو، ئۆکرانیا ناتوانێت هێرشێکی بەرفراوان بکات، چونکە یەدەگە سەربازییەکانی خەریکە تەواو دەبێت، هاوکات یەکەکانی ئامادە بۆ شەڕ تەنیا نزیکەی 48% ئامادەن.
دووپاتی کردەوە، هەرگیز لە دژی ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەورووپا نەبوونە، بەڵام هەرگیز قبووڵیشی ناکەن ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆ. جەختیشی کردەوە، ئۆکرانیا مافی خۆیەتی گەرەنتی ئەمنی خۆی بکات، بەڵام نابێت ئاسایشی ڕووسیا بکەوێتە مەترسییەوە.
هاوکات زێلێنسکی ئەمڕۆ لە کاتی سەردانەکەی بۆ کۆپنهاگن گوتی: هەوڵدەدات سبەی پێنجشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ بکات، بۆ ئەوەی لەبارەی سەپاندنی سزاکان سەر ڕووسیا گفتوگۆ بکەن.
هەروەها دوێنێ سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، پوتن ئاماژەی دابوو، هەرگیز نیازی نەبووە هێرش بکاتە، سەر ئەورووپا، ئەوانەی وابیر دەکەنەوە کە ڕووسیا هێرش دەکاتە، ئەوا لە بێتوانایی خۆیانە.