جۆو وێڵسن هەموارێکی یاسایی بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان پێشکەش به کۆنگرێس کردووە

جۆو وێڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، هەموارکردنەوەیەکی پشکەش کۆنگرێس کردووە کە تێیدا داوا دەکات، حکوومەتی عێراق چیتر مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕانەگرێت و ڕێگە بە بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتینی بدات، هەروەها داواش دەکات عێراق ڕێگری لە هێرشەکانی سەر گێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، جۆو وێڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA) پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە، ئەمەش بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی وەک هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی ئەمەریکا.
لە هەموارکردنەوەکەدا هاتووە، کۆنگرێس وای دەبینێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی ئەمەریکایە و پێویستە حکوومەتی عێراق واز لە هەوڵە ناسەقامگیرکەرەکانی بە تایبەت ڕاگرتنی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بهێنێت.
باسیش لەوە کراوە، دەبێت حکوومەتی عێراق واز لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدان و هەناردەکردنی سەرچاوەکانی وزە و نەوت بهێنێت. باسی لەوەش کردووە، دەبێت حکوومەتی عێراق ڕێگە لەو هێرشانە بگرێت کە لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانەوە دەکرێن و لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پشتگیری دارایی دەکرێن.
ئەوەشی خستووتە ڕوو، ئەمەریکا پشتیوانی لە دابینکردنی ڕێوشوێنی ئەمنیی پێویست بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، تاوەکوو بتوانێت لە بەرانبەر "هێرشەکانی ئێران و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی" بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرچاوەکانی وزە، بەرگری لە خۆی بکات.
Grateful to sponsor this amendment of the NDAA to support the Kurdistan Regional Government of Iraq as a vital strategic partner of the United States. pic.twitter.com/G3JqS4GnXR
— Joe Wilson (@RepJoeWilson) September 3, 2025