بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا جیهان چاوەڕەی وەڵامی پوتنە

پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا و سەرکردەکانی ئەورووپا، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ لێک نزیکبوونەوەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا نییە، هێرشەکانیشیان بۆ سەر یەکتر بەردەوامن، هاوکات ئەمڕۆ هەر یەکە لە ئەمەریکا، ئەورووپا، ڕووسیا و ئۆکرانیا هەڵوێستی خۆییان ئاشکرا کرد.
چوارشەممە 3ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، لە نووسینگەی خۆی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: هیچ پەیامێکم بۆ پوتن نییە، چونکە ئەو دەزانێت هەڵوێستی من لەوبارەوە چییە، بۆیە بە هەر شێوەیەک بێت بەم نزیکانە بڕیاری خۆی دەدات.
ئاماژەشی دا، نازانێت بڕیارەکەی پوتن چۆن دەبێت، ئەگەر بڕیارێکی باش نەدات، دەرەنجامی خراپی دەبێت.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، سبەی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ زێلێنسکی دەکات،
ئامادەینە گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا دابین بکەین
ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەر لە بەڕێوەچوونی لووتکەی سەرکردەکانی ئەورووپا ئاماژەی دا، هەر کە ڕێککەوتنی ئاشتی لە ئۆکرانیا واژۆ کرا، وڵاتانی ئەورووپا ئامادەنە گەرەنتی ئەمنی پێشکەش ئەو وڵاتە بکەن.
باسی لەوەش کرد، وەردەکارییەکانی شێوازی دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا نهێنی دەبێت، ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و ئێستا کار لەسەر گەرەنتی ئەمنی ڕووسیا دەکەن.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سبەی پێنجشەممە لە پاریس لووتکەی سەرکردەکانی ئەورووپا کاتژمێر 03:00 بەکاتی هەولێر بەڕێوە دەچێت، هاوکات هەندێک لە سەرکردەکان ڕاستەوخۆ ئامادە دەبن و هەندێکی دیکەیان لە ڕێگەی ڤیدیۆ تەلەفۆنەوە بەشدار دەبن، ڤیدیۆ تەلەفۆنەکە کاتژمێر 04:00 ئێوارە دەبێت و بڕیاریشە لەگەڵ ترەمپ قسە بکەن.
بە ڕێگای سەربازی پرسی ئۆکرانیا چارەسەر دەکەم
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر پوتن، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە، ئەگەر زێلێنسکی ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە، ئەوا با بێتە مۆسکۆ و لەوێ کۆ دەبینەوە.
ئاماژەشی دا، بۆ چارەسەر نەبوونی پرسی ئۆکرانیا دەبێت ڕەخنە لە سیاسەتی ڕۆژئاوا بگیرێت، چونکە ئەوان هەمیشەی گەرەنتی ئەمنی ڕووسیایان فەرامۆش کردووە. باسی لەوەش کرد، ئەگەر بەرژەوەندی هاوبەش هەبێت، ئەوا کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ئەگەرێکی بەهێز دەبێت، چونکە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا داوای چارەسەری ئەو پرسە دەکات. هۆشداریشی دا، ئەگەر ئەو پرسە بە ڕێگای دیپلۆماسی چارەسەر نەکرێن، ئەوا بە ڕێگای سەربازی چارەسەر دەکرێت.
دووپاتی کردەوە، هەرگیز لە دژی ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەورووپا نەبوونە، بەڵام هەرگیز قبووڵیشی ناکەن ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆ. جەختیشی کردەوە، ئۆکرانیا مافی خۆیەتی گەرەنتی ئەمنی خۆی بکات، بەڵام نابێت ئاسایشی ڕووسیا بکەوێتە مەترسییەوە.
هاوبەشەکانمان فشارەکانیان بۆ سەر مۆسکۆ زیاتر دەکەن
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کاتی سەردانەکەی بۆ کۆپنهاگن گوتی: هیچ ئاماژەیەکمان لە ڕووسیاوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نەبینیووە. ئاماژەشی دا، گەشبینە کە هاوپەیمانەکانی فشارەکانیان بۆ سەر مۆسکۆ زیاتر دەکەن، بۆ ئەوەی پرسی ئۆکرانیا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت.
باسی لەوەش کرد، هەوڵدەدات سبەی پێنجشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ بکات، بۆ ئەوەی لەبارەی سەپاندنی سزاکان سەر ڕووسیا گفتوگۆ دەکەن.