ڕوونکردنەوەی ئاسایشی هەولێر لەبارەی تەقەکردنەکەی ئەمشەوی گەڕەکی تەیراوە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر ڕووداوی تەقەکردنەکەی ئەمشەوی گەڕەکی تەیراوە چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە.
چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند:دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر، دەنگی تەقە بیسترا، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
ئاسایشی هەولێر، ئاماژەی بەوە دەکات، دوای گەیشتنی تیمەکان، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد و دەرکەوت ئەو تەقانەی بیستراون بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نێوان دوو خانەوادە بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاندووە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتباری ئەو ڕووداوە دەستگیر کران و بەدواداچوونیش بەردەوامە بۆ دەستگیکردنی تەواوی ئەو کەس و تۆمەتبارانەی هۆکار و بەشدار بوون لەو ڕووداوە.