نەتەوە یەکگرتووەکان: 21 هەزار منداڵ لە غەززە کەمئەندام بوونە

لیژنەیەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی داوە، لەسەرەتای دەست پێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل نزیکەی 40 هەزار و 500 منداڵ برینداربوونە کە نیوەیان زیاتر کەمئەندام بوونە.

چوارشەممە 3ـی ئابی 2025، لیژنەیەکی تایبەت بە مافی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی داوە، لەو کاتەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکردووە، لانیکەم 21 هەزار منداڵ لە غەززە کەمئەندام بوونە. لیژنەکە ئاماژەی داوە، لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵ، نزیکەی 40 هەزار و 500 منداڵ برینداربوونە.

باسی لەوەش کردووە، کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە تایبەت ئەوانەی توانای بینین و بیستنیان نییە، لە کاتی ئاگادەراییەکانی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانیان تووشی ئاستەنگ بوونەتەوە و لە بارودۆخێکی نائارام و سەخت هەڵاتوون.

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، تەنانەت لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ، کاریگەری لەسەر کەمئەندامان هەبووە، زۆرێکیان بێ خۆراک، ئاوی پاک، یان خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ماونەتەوە و پشتووپەنایان کەسانی دیکەی دەورووبەرە بووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس لە تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی هەزار و 219 کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. هەروەها 251 وەک بارمتە گیراوەن، تاوەکوو ئێستا 47 کەسیان لە غەززە ماون و نزیکەی 20 کەسیان لە ژیاندا ماون.

هەروەها تەندروستی غەززەش بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لانیکەم 63 هەزار و 459 فەلەستینی کوژراون کە زۆربەیان مەدەنین.

 
 
Fly Erbil Advertisment