ئانۆ جەوهەر بەبۆنەی مەولوودی پێغەمبەر: هەر پارێزراو بێت کوردستانمان لە سایەی برایی و پێکەوەژیان

ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام، وێڕای پیرۆزبایی لە موسوڵمانان، پەسنی تەبایی و پێکەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئانۆ جەوهەر لە پەیامێکی پیرۆزباییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: خوشک و برا موسڵمانەکانم، مەولوودی نەبەوی شەریف لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست پیرۆز بێت، هەر پارێزراو بێت کوردستانمان لە سایەی ڕێزگرتن و برایی و تەبایی و پێکەوەژیان".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئەیلوولی 2025، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)، لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.
هەموو ساڵێک لە 12ـی مانگی (ڕەبیعولئەوەل)ـی کۆچی، موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان ئەم یادە دەکەنەوە، کە بە "المولد النبوي" ناسراوە. ئەم یادە پیرۆزە کاتێکە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ژیان و پەیامەکەی پێغەمبەر.
یادکردنەوەی مەولود نەبی بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت، لەوانە کۆبوونەوەی ئایینی لە مزگەوت و خانەقاکان، خوێندنەوەی سروودی ئایینی و موناجات، و باسکردنی ژیاننامەی پێغەمبەر (د. خ). هەروەها دابەشکردنی شیرینی و خواردن و خواردنەوە لەنێو خەڵکدا باوە، و لە هەندێک شوێن خەڵک خزمەتگوزاری بێبەرامبەر پێشکەش دەکەن وەک نایاشکردن (سەرتاشین) یان گواستنەوە.