کۆمیسیۆن لە هەولێر ڕاهێنان بە هەزاران کارمەندی هەڵبژاردن دەکات
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، لە شاری هەولێر دەستی بە پرۆسەیەکی فراوانی ڕاهێنان کردووە.
ئەم ڕاهێنانە سەرەتا ژمارەیەک فەرمانبەر و کارمەند دەگرێتەوە، کە دواتر ئەوان بە نۆرەی خۆیان ڕاهێنان بە نزیکەی هەشت هەزار کەسی دیکە دەکەن، بە مەبەستی دڵنیابوون لە ئامادەیی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن بە شێوەیەکی بەردەوام لە قۆناغی ئامادەکاریدایە و دەستیان بە خولی ڕاهێنانەکان کردووە بۆ ستافی خۆیان، کە پاشان ئەو ستافە ڕاهێنان بە نزیکەی هەشت هەزار فەرمانبەری ناوەندەکانی دەنگدان دەکەن.
عیماد جەمیل ڕوونیشیکردەوە "کۆمیسیۆن لیژنەی تایبەتی پێکهێناوە بۆ چاودێریکردنی هەر پێشێلکارییەکی هەڵبژاردن. هەروەها، هەڵمەتێکی نیشتمانییان دەستپێکردووە بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگدان، چونکە تا ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن کارتی دەنگدان ماونەتەوە و وەرنەگیراونەتەوە."
سەبارەت بە پرۆسەی پشکنینی کاندیدەکان، ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاشکرای کرد، 750 کاندید دوورخراونەتەوە؛ لەو ژمارەیە، 350 کاندیدیان بە بڕیاری دەستەی دادوەری بووە، 129یان بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوان، و 154 کاندیدیش بەهۆی تەواونەبوونی بەڵگەنامە و پێداویستییەکانیانەوە دوورخراونەتەوە.
لەبارەی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانەوە، عیماد جەمیل باسی لەوە کرد "کۆمیسیۆن تا ئێستا سێ جار دەنگدانی ئەزموونی ئەنجامداوە. سەرەتا کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکاندا هەبووە، بە تایبەت لە خوێندنەوەی پەنجەمۆری هەندێک لە دەنگدەران، بەڵام ئەم کێشەیە لە ڕێگەی ئامێری کامێراوە چارەسەر کراوە. لە هەرێمی کوردستان، 1312 بنکەی دەنگدان بۆ ڕۆژی دەنگدانی گشتی دیاریکراون."
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن جەختی لەوە کردەوە کە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، پێویستیان بە 140 بۆ 150 هەزار کارمەند دەبێت. نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بە تەنیا پێویستی بە 42 هەزار فەرمانبەر دەبێت. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دوای گەڕانەوەی کارتەکانی دەنگدان لە وێستگە و بنکەکان، دەست بە دابەشکردنیان دەکەنەوە.
نەبەز عومەر ڕاشیگەیاند، هەرچەندە لە پرۆسەی یەکەمدا چەند کێشەیەکی تەکنیکی بچووکیان هەبووە، بەڵام بۆ پرۆسەی دووەم ئەوانە چارەسەر کراون. هەروەها دڵنیایی دا کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا کارتەکانی دەنگدان لە ئیتاڵیاوە دەگەنە بنکەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمیسیۆن ئێستا لە دوا قۆناغی ئامادەکارییەکاندایە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. بڕیارە دوای یەکلاییبوونەوەی کۆتایی لیستی کاندیدەکان، دەست بە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بکرێت بۆ دانان و ڕێکخستنی وێستگە و بنکەکانی دەنگدان لە هەر 19 بازنە هەڵبژاردنەکەدا. چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات و ماوەی یەک مانگ بەردەوام بێت.