لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ژن و مێردێک و پێشمەرگەیەک گیانیان لەدەستدا

لەڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگەی هەولێر-دهۆک، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو، یەک لەوانەی گیانی لەدەستداوە، پێشمەرگەیە.
پێنجشەممە 4ـی ئەیلوولی 2025، لەسەر ڕێگەی نێوان پارێزگای دهۆک بۆ پارێزگای هەولێر، لە سنووری ناحییەی ڕوڤیا، بەتایبەتیش لە ئۆڤەرپاسی گوندی بەردەسوور، لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتوچۆدا، 3 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو.
موقەدەم سەعدی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی ناحیەی ڕوڤیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: خێزانێکی خەڵکی هەولێر کە لە دهۆکەوە گەڕاونەتەوە هەولێر، لەسەر ڕێگەی ڕوڤیا و نزیک گوندی گردەسوور، خۆیان بە پێشمەرگەیەکدا کێشاوە کە هەوڵیداوە لە شەقامەکە بپەڕێتەوە بۆ ئەوەی بچێتە سەر ئەرکەکەی، بەهۆی ڕووداوەکەش، پێشمەرگەکە گیانی لەدەستداوە، بەڵام شوفێری ئۆتۆمبێلی خێزانەکەی هەولێر لەگەڵ ڕووداوەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە دیواری بەردینی ڕێگاکە داداوە، بەهۆیەوە شوفێرەکە و هاوسەری گیانیان لەدەستدا و کچێکیشیان تەندروستی ناجێگیرە، تەندروستی کچێکی دیکەشیان باشە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئاکرێ، تەرمی پێشمەرگەکە گەیەندراوەتە دادپزیشکی ئاکرێ و تەرمی ژن و پیاوەکەش ڕەوانەی هەولێر کراونەتەوە لەگەڵ منداڵە بریندارەکان.