ئەو هاووڵاتییەی سەگی بێلانە 14 ئاسکی مردار کردن: "بەقەد منداڵەکانم خۆشم دەویستن"
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2025، 14 ئاسکی بەخێوکراوی هاووڵاتییەک بەناوی 'محەممەد نووری'، لەلایەن ژمارەیەک سەگی بێلانەوە هێرشیان کرایە سەر و بەهۆیەوە، هەمووان مرداربوونەوە.
ئەم ئاسکانە، کە محەممەد خۆشەویستییەکی زۆری بۆیان هەبوو و بە دەست و برد بەخێوی دەکردن، لە باخچەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی دەربەندیخان پارێزگاری لێ دەکردن.
ئەو هاووڵاتییە بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی 15 بۆ 16 سەگی بێلانە لە کاتژمێر چواری بەیانیدا هێرشیان کردووەتە سەر باخەکەی. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، 14 ئاسکی گەورە و بچووکی، کە هەندێکیان نێر و مێ و فەڕخ بوون، مرداربوونەتەوە.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد، نرخی هەر ئاسکێکی گەورە نزیکەی 1800 دۆلار بۆ 2500 دۆلار (18 بۆ 25) وەرەقە بووە، و ئاسکە بچووکەکانیش 900 دۆلار بۆ 1000 دۆلار (9 بۆ 10 وەرەقە). کۆی گشتیی زیانەکانیشی بە زیاتر لە 13 13000 (130 وەرەقە) خەمڵاند.
محەممەد باسی لەوە کرد کە ئەمە سێیەمین جارە سەگەکانی بێلانە هێرش دەکەنە سەر ئاسکەکانی. لە یەکێک لە ڕووداوەکانی پێشوودا، لە کۆی شەش ئاسکی، تەنها یەکێکیان ڕزگاری بووە. ئەو نیگەرانی خۆی دەربڕی کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی چەندینجاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام هیچ هەنگاوێکی جیدی بۆ کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەی سەگی بێلانە نەنراوە.
گوتیشی، "بەقەد منداڵەکانم خۆشم دەویستن، هەموو بەیانییەک بە دەست خۆم بەخێوم دەکردن و لەگەڵیان دەژیم." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاسکەکانی ڕاهێنراو بوون و بە دەنگی ئەو دەهاتن و دەڕۆیشتن، هەرگیز خۆیانیان لێی نەشاردووەتەوە و هەمیشە وەک بەشێک لە خێزانەکەی بوون.
ئاسکەکانی محەممەد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ڤیدیۆکانیان بڵاوکرابووەوە و بینەرێکی زۆریان هەبوو، ئەمەش خۆشەویستی خەڵکی بۆ ئاسکەکانی نیشان دەدات.
لە ئێستادا، لە کۆی 25 ئاسکی، تەنیا نزیکەی 10 ئاسکی محەممەد ماونەتەوە، کە هەندێکیان بەهۆی هێرشەکە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و لە دۆخێکی خراپدان. ئەو، هیواخوازە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هانایەوە بچن و ڕێگە چارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە، چونکە ئەم سەگانە مەترسین بۆ سەر ژیانی ئاژەڵە بەخێوکراوەکان و تەنانەت هاووڵاتییانیش.