خولی ئەستێرەكانی عێراق دواناخرێت
خولەكە رزگاری دەبێت لە درێژترین خولی جیهان

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق وادەی بەڕێوەچوونی یەكەمین گەڕی خولی ئەستێرەكانی عێراقی دیاری كرد و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە خولەكە دواناخرێت، بڕیاریش درا یاریی جامی سووپەری عێراق پێش دەستپێكی ئەم وەرزە بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی نزیك لە فیدرسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ كوردستان24، وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە رۆژی 13ـی ئەم مانگە دەست پێدەكات.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، رۆژی 10ـی ئەم مانگە گەڕی یەكەمی خولەكە دەستنیشان دەكات، دواتر لە رۆژی 12ـی ئەم مانگە لە بەغدا تیروپشكی تەواوی وەرزەكە رادەكێشرێت، لە رێوڕەسمی راكێشانی تیروپشكەكەش خاڤیێر تێباس سەرۆكی ئەنجوومەنی لالیگای ئیسپانیا ئامادە دەبێت.
بە گوێرەی ئەو پلانەی دانراوە بۆ یەكەمجار لە مێژووی خولەكانی عێراق، یارییەكانی خولەكە لە رۆژی 28/5/2026 كۆتایی دێت، بەمەش خولەكە رزگاری دەبێت لەوەی پێی بگوترێت درێژترین خولی جیهان.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بە فەرمی بیرۆكەی بەڕێوەچوونی جامی سووپەری عێراق لە نێوان شەش یانە بۆ ئەم وەرزە هەڵوەشایەوە و بڕیار درا پێش دەستپێكی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، جامی سووپەر لە نێوان دهۆكی پاڵەوانی جامی عێراق و شورتەی پاڵەوانی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەڕێوە بچێت.
