سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بایەخێکی تایبەت بە بواری ئایینی دەدات

ساڵانە شاری هەولێر بە شێوەیەکی تایبەت و فراوان پێشوازی لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لێبێت) دەکات و دەبێتە کەرنەڤاڵێک پڕ لە شادی و خۆشحاڵی. بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستانیش "ئەمساڵ بەشداریکردنی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بایەخێکی نوێی بە ڕێوڕەسمەکان بەخشیوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە مزگەوتی 'سەواف'ـی شاری هەولێر، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەممەد (دروودی خودای لە سەر بێت) بەڕێوەچوو.
عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "مێژووی رێکخستنی مەولوود لە هەولێرەوە دەستیپێکردووە و یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانیش ساڵانە سەرپەرشتی ژمارەیەکی زۆر لەو بەرنامانە دەکات کە تایبەتن بەم یادە. لە یادی ئەمساڵدا، بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی نوێی بە ڕێوڕەسمەکان بەخشیوە."
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان گوتیشی "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی بە بواری ئایینی داوە و لە لایەنی ئایینییەوە کەلێنێکی گەورەی لە بەرنامەی ئەو حکومەتە پڕکردووەتەوە. ئەمەش دەریدەخات کە سەرۆکی حکوومەت نەک تەنها لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر، بەڵکوو لە چەندین بۆنەی ئایینی دیکەشدا بەشداری دەکات و قسە و گفتوگۆ دەکات و بایەخێکی زۆری پێدەدات."
لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە فەتوای ساڵانە بۆ بەشداریکردن لە یادی مەولوود، عەبدوڵڵا وەیسی دووپاتی کردەوە "ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ئەمساڵیش پەیامی هەبووە و جەختی کردووەتەوە کە مەولوود بنەمایەکی شەرعی لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە."
باسی لەوەش کرد، داوایان کردووە لەم بۆنەیەدا قسەی ڕەق و گوتاری دووبەرەکی بڵاونەکرێتەوە و یادی پێغەمبەر وەک ئامرازێک بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر بەکارنەیەت. هاوکات دڵنیایی دا، ئەم بۆنە ئایینییە لەناو گەلی کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و هاووڵاتییان بە گەرموگوڕییەوە بەشداری تێدا دەکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زیاتری پێدەدات.