تورکیا: هەسەدە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی سووریا و ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دروست دەکات

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی سووریا و ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دروست دەکات بەهۆی پابەند نەبوونی بە ڕێککەوتنەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: چاودێری هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی دەکەین، دەشڵێت: هەموو ڕێکارێکی پشتیوانیی بۆ حکوومەتی سووریا دەگرینە بەر لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی.
بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، پابەند نەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بە دانانی چەک و چوونە نێو سوپای سووریا، دەبێتە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئاسایشی نیشتمانی تورکیا.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای کرد، سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە تل ڕەفەعت و منبج لە باکووری سووریا، 580 کیلۆمەتر تۆنێلی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)ـی وێران کردووە کە بۆ چالاکیی خۆیان بەکاریان هێناوە.