بازرگانێكی بەرازیلی وەسیەتی كردووە میراتەكەی بدرێتە نێیمار
یەک ملیار دۆلاری بۆ نێیمار دا سیلڤا جێدەهێڵێت

رۆژنامەنووسی دیاری بەڕازیلی رایگەیاندووە لە مانگی حەفتی ساڵی 2023 بازرگانێک کە کێشەی تەندروستی هەیە چووەتە دادگا و وەسیەتی كردووە میراتەكەی بدرێتە نێیمار دا سیلڤا.
لیۆ دیاز، لە پێگەی تایبەتی خۆی بەناوی پۆرتال لیۆدیاز، بابەتێكی سەرنجڕاكێشی ئاشكرا كردووە و نووسیویەتی: بازرگانێكی گەنجی بەرازیلی یەک ملیار دۆلار کە دەکاتە پێنج پۆینت چوار ملیار رێلی بەرازیلی، وەسیەتی كردووە لە دوای مردنی بدرێت بە نێیمار داسیلڤا.
بەپێی راپۆرت میترۆپۆلیسی بەرازیل، ناسنامەی ئەم پیاوە بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام باسی لەوەکردووە دوودوڵ بووە و نەیویستووە دوای مردنی سامانەکەی بدرێت بە کەسوکارەکەی یاخود بگەڕێندرێتەوە بۆ حکوومەتی بەرازیل.
رۆژنامەنووسە بەرازیلییەكە هێمای بۆ ئەوەش كردووە ئەم بازرگانە هیچ میراتگرێکی راستەوخۆی نییە، بۆیە داوای کردووە سامانەكەی بدرێت بە ئەستێرە دڵخوازەکەی کە نێیمار داسلیڤایە.
ئەستێرە بەرازیلییەکە تەمەنی 32 ساڵە بەدرێژایی مێژووی یاریکردنی و تێچووی هەموو ئەو گرێبەست و مووچانەی هەیبووە تاوەکو ئێستا نەبووەتە ملیاردێر کەچی، بازرگانێكی گەنج تەنیا بە یەک وەسیەتنامە بری یەک ملیار دۆلاری پێدەدات.


