شاری سنە یادی مەولوودی پێغەمبەر دەکاتەوە

دەنگی دەف لە شاری سنەدا بڵند بووەوە و گەورەترین ڕێوڕەسمی مەولوودنامەی وڵات لەم شارەدا بەڕێوەچوو. ئاڵای "یا ڕەسوولەڵڵا" شەقامەکانی شاری ڕازاندووەتەوە، ئێرە کوردستانە، خاکی عارفان و عاشقانی پێغەمبەرە.

لە مزگەوتی جامیعی شاری سنە، ئاهەنگی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام ساز کرا و هاوکات یادی 'بەهائەددین شەمس قورەیشی' کە عارف و شاعیرێکی ناودار کوردە، کرایەوە.

ئەسعەد فەرهادی، سەرۆکی حەوزەی هونەریی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند: جەژنی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام، هەموو ساڵێک لەگەڵ بەڕێوەچوونی یادی سەید بەهائەددین شەمس قورەیشیدا هاودەم دەبێت و مەولوودیخوانەکان لەم ڕێوڕەسمەدا چەندین کاتژمێر لە ستایشی پێغەمبەردا دەف لێ دەدەن.

ئەسعەد فەرهادی گوتی: ئەمشەویش بەڕێوەچوونی ئەم یادە، کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی شاری سنەی کردە میوانی مزگەوتی جامیع بۆ ئەوەی خۆشەویستی و دڵسۆزیی بێگەردی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام بسەلمێنن.

فەرهادی ئاماژەی بەوەش کرد: ژن و پیاو، گەنج و بەتەمەن و هەندێک جاریش جگە لە دانیشتووانی شاری سنە، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر لەم ئاهەنگەدا بەشدار دەبن.

خوالێخۆشبوو 'بەهائەددین شەمس قورەیشی' یەکێک لە عاریفە ناسراوەکانی کوردە کە چەندین بەرهەمی نووسیوە لەوانە کتێبەکانی میعراجنامە و شەمسولعەقائید و دیوانێکی شیعری هەیە بە ناوی مەولوودنامە، کە شیعرەکانی لە هەموو کۆڕەکانی مەولوودیدا دەخوێنرێنەوە.

ئەم عارفە ناودارەی کورد، لە ساڵی 1365ی کۆچیی مانگی، بەرانبەر بە 1946ی زایینی، لە تەمەنی 72 ساڵیدا لە سنە کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام، لە مانگی ڕەبیعی ئەوەلدا، یادی ئەو عارفە کوردەش دەکەنەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment