جوانییەکی کوردستان؛ کریستیانێک لە یادی مەولوود شیرینی دەبەخشێت

خاوەن دوکانێکی کریستییان لە کۆیە بە دابەشکردنی شیرینی، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد (د. خ.)ـی کردەوە و جەخت لە پێکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04ـی ئەیلوولی 2025، لە بازاڕی قەزای کۆیە، خاوەنکارێکی کریستییان بە ناوی "سامان ئیسحاق مووسا"، بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد (درودی خوای لێبێت)، شیرینی و خواردنەوە بەسەر موسڵمانان و خەڵکی ناوچەکەدا دابەش کرد. ئەم دەستپێشخەرییە وەک نیشانەیەکی دیاری پێکەوەژیانی ئایینی و برایەتی لە کۆیە دادەنرێت.

سامان ئیسحاق، بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەوە یەکەمجار نییە ئەم کارە دەکات و نزیکەی 15 ساڵە لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا، شیرینی، خورما، چوکلێت، ئاو، چا و قاوە بەسەر خەڵکدا دابەش دەکات. ئەو گوتی: "من خۆم بە بێگانە نازانم و دەبێت منیش وەک ئەوان بەشداری یبکەم".

پەیامنێری کوردستان24ـی زیاتر ڕوونیکردەوە، ناوی "سامان ئیسحاق مووسا" خۆی نیشانەیەکی ڕوونی پێکەوەژیانی ئایینییە لە هەرێمی کوردستان؛ "سامان" ناوێکی کوردی و موسڵمانی باوە، "ئیسحاق" کوڕی پێغەمبەر ئیبراهیمە کە موسڵمان، کریستییان و جولەکەکان بە پێغەمبەر و پیرۆزی دەزانن، هەروەها "مووسا"ش پێغەمبەری جولەکە و ڕێزدارە لای موسڵمان و کریستییانەکانیش.

سەبارەت بە پێکەوەژیانی موسڵمان و کریستییانەکان لە کۆیە، سامان ئیسحاق مووسا دووپاتی کردەوە، ساڵانێکی زۆرە بە برایەتی و ئاشتی پێکەوە دەژین و ئەم پێکەوەژیانە لە باوباپیرانیانەوە بە میرات ماوەتەوە بۆیان.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، ئەم چالاکییە نیشانەیەکی بەرچاوە بۆ ئەو تەبایی و لێبووردەیی ئایینییەی کە لە کۆیە و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا باوە، و پێگەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان دەسەلمێنێت.

 
Fly Erbil Advertisment